Ömer Koparan
25 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2025
دیمەشق - AA
بە بەشداری زیاتر لە ٦٠٠ كەس، کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دەستیپێکرد.
لە گوتارێکیدا کە لە میانی کردنەوەی کۆنفرانسی مێژوویی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا لە کۆشکی گەل پێشکەشی کرد، سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند: "کۆکردنەوەی چەک لە یەک دەستدا، واتە لە دەستی دەوڵەتدا لوکس نییە، کارێی پێویست و فەرزە".
شەرع باسی لەو ئازار و کێشانە کرد کە لە سووریا ڕوویانداوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە وڵات بە یەکگرتوویی چاک بێتەوە و، ڕایگەیاند: "داوا لە ئێوە دەکەم لە پێناو چاکبوونی سووریا و ساڕێژکردنی برینەکان و دڵنەواییدا یەکگرتووبن و بەیەکەوە کار بکەن".

ئەحمەد شەرع ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە کارێکی پێویستە گەلی سووریا پابەندی و بەرپرسیارێتیی بەرامبەر نیشتمان بەجێبگەیەنێت و، ڕایگەیاند: "سووریا متمانەی بە ئێوە هەیە. دڵنیام کە شەونخونی دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بێ ئومێدی نەکەنەوە و پشتگوێی نەخەن و بیپارێزن و بنیاتی بنێنەوە".
کۆمیتەی ئامادەکاری کە لە ١٢ی شوباتدا لەلایەن ئیدارەی نوێی سووریاوە دامەزرا، بانگهێشتنامەی بۆ زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە ناردووە بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانییدا.
ئەندامانی کۆمیتەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بەشداربووان لە هەموو چین و توێژەکانی وڵاتەکە هەڵبژێردراون.
لەو کۆنفرانسەدا کە گرنگە بۆ داهاتووی سیاسیی وڵاتەکە، بە درێژایی ڕۆژ شەش وۆرک شۆپی لە بوارەکانی ئابووریی و گرنگیی دادپەروەری، دەستووری نوێ، سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی و چاکسازی دامەزراوەکان، ئازادییە کەسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە قۆناغی ڕاگوزەردا ساز دەکرێت.
ئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە دەبێتە بڕیار گەلێکی ڕاسپاردە بۆ سەرکردە نوێیەکانی وڵات، بەڵام پابەندکەر نابن.
کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە پێش دەستپێکی کۆنفرانسەکە زیاتر لە ٣٠ کۆبوونەوەی لە پارێزگا جیاوازەکانی وڵاتدا ئەنجامدا.