14 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١، کۆنسولخانەی ئەمریکا لە ھەولێر، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە کە بە خەمێکی زۆرەوە ئەمڕۆ یادی شاڵاوی ئەنفال دەکەینەوە، کە لەلایەن رژێمی سەدامەوە کرایە سەر گەلی کورد.
لە تویتەکەی کۆنسولخانەی ئەمریکا لە ھەولێر دا ھاتووە: ''بە خەمێکی زۆرەوە ئەمڕۆ یادی شاڵاوی ئەنفال لەسەر ناوچەکانی کوردستان بە بەتایبەتی ناوچەکانی گەرمیان دەکەینەوە، کە لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری "سەدام حوسێن"ەوە بەرامبەر بە خەڵکی کورد کرا''.
جێی ئاماژهیه ئهمڕۆ ٣٣ ساڵ بهسهر كارهساتی ئهنفالدا تێپهڕ دهبێت كه به ھەشت قۆناغدا تێپەڕی و قۆناغی یەکەم لە ٢٣ی شوبات تا ١٨ی ئاداری ١٩٨٨ بۆسەر ناوچەکانی دۆڵی جافایەتی دەستی پێکرد، قۆناغی دووەم ٢٢ی ئادار تا یەکی نیسانی ١٩٨٨ بۆ سەر ناوچەکانی قەرەداغ، قۆناغی سێیەم لە حەفتی نیسان تا ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨ بۆ سەر ناوچەکانی گەرمیان، قۆناغی چوارەم لە سێی ئایار تا ١٥ی ئایار بۆسەر ناوچە قەڵاسێوکە و دۆڵی زێی بچووک، قۆناغی پێنج و شەش و حەفت لە ١٥ی ئایار تا ٢٦ی ئاب بۆ سەر ناوچەکانی شەقڵاوە و رواندز و قۆناغی ھەشتەم وکۆتایی لە ٢٦ی ئاب تا شەشی ئەیلوولی ١٩٨٨بۆ سەر ناوچەی بادینان و سەرجەم ئەم قۆناغانەش دوای رووخاندنی ھەموو گوندەکانی کوردستان لە بەرواری شەشی ئەیلوولی ١٩٨٨ بە فەرمیی کۆتایی پێھات.