Hemin Hüseyin
12 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2018
هەولێر - AA
لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستان بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، دارا جەلیل خەیات و ژمارەیەک لە کەسایەتی حکوومەتی و بازرگانان، پێشانگایەکی کاری دەستی کردەوە کە تێیدا کۆمەڵێک کاری دەستی نمایشکرابوو.
ئامانج لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە، هاندانی خانمانە بۆ ئەوەی پەرەپە بەو کارە بدەن و هەوڵ بدەن زیاتر متمانە و پشت بەخۆیان ببەستن.
یەکێک لە بەشداربووانی ئەم پێشانگایە کە وێنەی دوو کارەکتەری بە شێوازێکی تایبەت نەخشاندبوو کە وەکو سیمبولێکی بوێری و لێهاتوویی پێناسەی دەکردن و نیشانی خەڵکی دەدا.
بەشداربووی پێشانگایەکە، دەریا جەلال، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە شداربووین بۆ ئەوەی کارەکانمان نیشانی خەڵک بدەین و پەیامێک بگەیەنین کە کارێک دەکەین و دەستپێشخەری بکەین بۆ کەسانێک کە بیانەوێت لەم بورەدا کار بکەن و بیبینن کە چۆن بەربەستەکان تێدەپەڕێنین و ئەوانیش بە هەمان رێگادا هەوڵەکانییان بخەنەگەڕ".
لەبارەی ئەو دوو کارەکتەرەی کە دەریا جەلال بە شێوازێکی تایبەت نەخشاندبووی، گوتی: "ئەم دوو کارەکتەرە بۆ من گرنگ، وێنەیەکیان رۆڵی دایە گەورەم دەگێڕیت کە هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە نەوەکانی بخرێنە بەرخوێندن، وێنەی دووەمیش، ژنە سیاسەتوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنان،حەپسەخانی نەقیبە کە کارەکتەرێک بووە هەمیشە دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی کە ئافرەت بخرێتە بەر خوێندن و ئێمەش لێرەوە هەمان پەیام دەگەیەنین".
یەکێکی دیکە لە بەشداربووەکان کە بەشێک لە کەلوپەلە کۆنەکانی بەشێوەیەکی جوان دروست دەکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە هەوڵ دەدات کەلوپەلە کۆنەکان بپاریزێت و بەشێوەیەکی دیکە بەکاریان بهێنێت.
شەونم فەتاح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کەلوپەلە کۆنەکانی وەکو پارەی ئاسن و قایشی پشت و ملوانکە و جوانکارییەکانی دیکە کۆ دەکەمەوە و بەشێوەیەکی دیکە دووبارە دەیاننەخشێنمەوە و زۆر جاریش خەڵک لە رێوڕەسمە تایبەتەکان و ئاهەنگی بووک گواستنەوە، وەکو جوانکاری بەکاریان دەهێنێت".
لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ، کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستان پێشانگایەکی کاری دەستی کردەوە کە تێیدا نزیکەی ٥٠ کەس لەم پێشانگایە بە نمایشکردنی کارەکانی خۆیان بەشداربوون