Ahmet Furkan Mercan
14 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2023
تۆکیۆ - AA
کۆمپانیای ئیسوزوی ژاپۆنی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، بەیەکجاری لە بازاڕەکانی رووسیادا کشایەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی کیۆدۆی ژاپۆنی کەوتوون، ئیسوزو بڕیاری کۆتایی خۆی لە بارەی بازاڕەکانی رووسیاوە داوە، بەمپێیەش کۆمپانیاکە کە دوای سەرەتا هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا و لە ئاداری ٢٠٢٢ەوە بەهۆی کێشەی دابینکردنی پارچەی یەدەگەوە بەرهەمهێنانی وەستاندبوو، لە نیسانی ٢٠٢٢ تا ئاداری ٢٠٢٣ بڕی ١،٧ ملیار یەن (١٢ ملیۆن دۆلار) زیانی کردبوو.
لە کۆتا بەرەوپێشچوونیشدا کۆمپانیای ئیسوزو بڕیاریدا کە بەهۆی کێشەی دابین نەکردنی پارچەی یەدەگ، وەستانی بەرهەمهێنان و زیانی مادییەوە، درێژە بە بەرهەمهێنان نادات و لە بازاڕەکانی رووسیادا کشایەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە کۆمپانیا ژاپۆنییەکە، کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکانی و نزیکەی ٢٠٠ کارمەندی بە کۆمپانیای بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێلی رووسیی "سۆڵەرز" فرۆشتووە.
ئیسوزو لە ساڵی ٢٠٠٨دا دەستی بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە رووسیا کرد و بەگوێرەی کۆتا زانیارییەکان کە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاوی کردوونەتەوە، کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٢١دا سێ هەزار و ٧٠٠ ئۆتۆمبێلی لە رووسیا بەرهەمهێناوە.