Hakan Çopur
08 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2023
واشنتۆن - AA
حکوومەتی ئەمریکا کە باس لەوە دەکات ئێران لە پشت زیادبوونی هێرشی حووسییەکانە لە دەریای سوور، لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا بەردەوامە لە پرۆسەی دروستکردنی هێزی ئەرکی دەریا دژ بەم هێرشانە.
ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ئەمریکا، جۆن کێربی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو هێرشانە کرد کە لە دەریای سوور دەکرێنە سەر کەشتیە بازرگانییەکان.
کیربی باسی لەوە کرد ئێران لە پشت ئەو هێرشانەوەیە و گوتی: "ئێران چەکەکان دابین دەکات و حووسییەکانیش بەکاری دەهێنن".
جۆن کیربی ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی هاوپەیمان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەشداری کردن لەو هێزی ئەرکی دەریاییەی بە ڕابەرایەتی ئەمریکا دروست دەکرێت بۆ ڕێگریی کردن لەو هێرشانە، گوتیشی: "گفتوگۆکان درێژەیان هەیە و لە کاتێکی نزیکدا پێشهاتی بەرجەستە بەدەستدێت".
کیربی جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە هێزی ئەرکی دەریا کە ٣٩ وڵات هاوکاری دەکەن، زۆر کاریگەر دەبێت لە ڕێگریی کردنی هێرشەکانی حووسی لە دەریای سووردا.
لە بەرامبەردا، حکوومەتی تاران بانگەشەکانی "پەیوەندیان بە هێرشەکانی دەریای سوور و پشتیوانی کردن لە حووسییەکان لەو بارەیەوە" ڕەت دەکاتەوە.