Heman Hussein Yaseen
16 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2020
ھەولێر - AA
بڕیاربوو لە کۆتایی مانگی حوزەیران گەشتی حاجیان لە ھەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج دەست پێ بکات، بەڵام بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ھیچ بڕیارێک بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە نییە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، شێخ قاسم بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا سعوودیە ھیچ رێنمایی و ئاگادارکردنەوەیەکی نەبووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە کاتێکدا کات زۆر کەم ماوە و پێشبینیش دەکات بەھۆی کەمی کات و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پڕۆسەی گەشتکردنی حاجییان ئەنجام نەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، شێخ قاسم بەرزنجی سەبارەت بە رێکارەکانی ئەنجامدانی فەریزەی حەج بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''فەریزەی حەج بە پلەی یەکەم پەیوەندیدارە بە سعوودیەوە کە لەڕێگای دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراقی کارەکانمان ئەنجام دەدەین، بێگومان ئەمساڵ بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر پڕۆسەکە، بۆی ھەیە کاری نەرێنی رووبدات چونکە تاوەکو ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە کە دەست بە ئامادەکارییەکانی کۆتایی بکەین بۆ ئەوەی پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت وەک ساڵانی رابردوو، سعوودیەیش تا ئێستا بێ دەنگە لە دەرکردنی ھەر رێنماییەک یان بڕیارێک کە ئایا حەج ئەنجام دەدرێت یان نا، بۆیە ئێمە چاوەڕوان دەکەین و لە ئەگەری ھەر بڕیارێکیش ئەوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات بە ئەنجامدانی پڕۆسەکە یان نا''.

شێخ قاسم بەرزنجی ئاماژە بەوەیش دەکات کە لە ئەگەری ئەنجامدانی پڕۆسەکە تێچووی گەشتەکە سەدا ١٠٠ زیاد دەکات و گوتی: ''ئەگەر پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت تێچووی گەشتەکە لەسەدا ١٠٠ زیاد دەبێت ھەم لە رسومات و ھەم لە خەرجییەکانی دیکەش، چونکە ئەگەر ساڵانی پێشووتر چەند کەسێک لە ژووری ھۆتێلێک بوونایە لەئێستادا نابێت لە یەک یان دوو کەس زیاتر بن و بێگومان ئەمەیش کار دەکاتە سەر تێچووی گەشتەکە''.
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، شێخ قاسم بەرزنجی لەبارەی کاتی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە و ئامادەکارییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ ئەم پڕۆسەکە گوتی: ''ئەگەر بەشێوەیەکی ئاسایی بووایە ئەوا دەبووایە ٣٠ی حوزەیران یەکەم گەشتی حاجیان بۆ سعوودیە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێستا کاتەکە لەوە دەرچووە و درەنگە، ھەر کاتێکیش ئاگادارمان بکەنەوە ئێمە تاوتوێی بابەتەکە دەکەین ھەرچەندە تا ئێستا روون نییە پڕۆسەکە لەسەر چ بنەمایەک ئەنجام دەدرێت، چونکە تاکو ئێستا فڕۆکەخانەکان داخراون''.
شێخ قاسم بەرزنجی گوتیشی: ''بە بۆچوونی ئێمە ھیچ کات نەماوە بۆ ئەنجامدانی سەفەری حەج چونکە ئامادەکاری دەوێت وەکو ئامادەکردنی باڵەخانەکان و شێوازی گواستنەوەیان، لەگەڵ ئەوەیشدا ھاووڵاتییان کەم پەیوەندی بە ئێمەوە دەکەن و ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە ھاووڵاتییانیش ئارەزوومەندنین گەشتەکە ئەنجام بدەن کە جگە لە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەیرانی داراییش کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە ھەیە''.
بڕیار بوو ئەمساڵ لە ٣٠ی حوزەیران یەکەم گەشتی حاجیانی ھەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە ئەنجام بدرێت کە تیایدا بۆ ئەمساڵ چوار ھەزار و ٨٨٠ پشک بوو کە لەنێو دە ھەزار و ٣٥٩ کەسەوە بە تیروپشک دیاریکرابوون جگە لەوەی ھەندێک پشکیش بۆ کەسوکاری شەھیدان و بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایانەیە کە حاجیان دەگوازنەوە، بەڵام بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی لە جیھاندا، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ پڕۆسەکە ئەنجام نەدرێت.
ئهمه له كاتێكدایه بهپێی ئامارهكانی وهزارهتی تهندروستیی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ژمارهی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له ههرێمی كوردستان گهیشتووهته دوو ههزار و ٤٧٣ كهس و حهفت حاڵهتی گیانلهدهستدان له ههولێر و ٤٧ حاڵهتیش له سلێمانی تۆماركراون.