شرناخ
بەھۆی رێنەدانی حکومەتی ناوەندیی عێراق چوار رۆژە کاروانێکی حەجی تورکیا کە ٥٥ پاسن، لە سلۆپی گیریان خواردووە. شۆفێرەکان دەڵێن لە بارێکی زۆر ناخۆشدان و چەندین جار لەگەڵ کارمەندانی گومرگ دەمەقڕەیان بووە.
یەکێک لە شۆفێرەکان (یوسف تیریل) گوتی "نان و ئاو دەستناکەوێ. تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار مەسەلەکەیان بەھەند وەرنەگرتووە. لە سنوور ماوینەتەوە و نازانین چی بکەین".
فەرھاد بەشیر کە یەکێک بوو لە سەفەردارانی ماڵی خوا گوتی "ھیچ کەم و کوڕییەک لە بەڵگە و نووسراوەکانمدا نییە، کەچی رێنادەن بڕۆین. ساڵانی رابردوو کاروانی حەج بەبێ کێشە بەم گومرگەدا تێپەڕیوە. کەچی ئەمساڵ کارمەندان دەڵێن ناوتان نەخراوەتە سیستمی کۆمپیوتەر. ئەوە چوار رۆژە لێرەین".
بەرپرسی کۆمپانیای کرمزی گول (ئەحمەد کرمزی گول) کە دەیەوێ بچێتە سعودیە گوتی "سەرباری تەواویی بەڵگە و نووسراوە رەسمییەکان ھەفتەیەکە لە خاپوور گیرمانخواردووە. ئێستا چاوەڕێی رێنمایی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەکەین".
بەرپرسانی خاڵی سنوور ھۆکارەکەیان بۆ حکومەتی ناوەندیی عێراق گەڕاندەوە و گوتیان بەغداد رێنادا کاروانی حاجییان بەخاکی عێراقدا تێبپەڕن.