Muhammet Ali Kemal
04 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2016
گوتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا جۆش ئێرنست، جەختی لەوە كردەوە كە زیانی زۆر بەر رێككەوتنی وەستاندنی شەڕو پێكدادانەكان كەوتووە و رایگەیاند ''لەكاتێكدا مرۆڤە بێتاوانەكان لەلایەن رژێمەوە دەكوژرێن لە سووریا، قۆناغی راگوزەری سیاسی دەست پێناكرێت''.
ئێرنست لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەكانی سووریا و هەڵكاشانی پێكدادان و گرژییەكان لە حەلەب كرد.
جۆش ئێرنست باسی لەوەكرد كە رێككەوتنی وەستاندنی شەڕو پێكدادانەكان لە ژمارەیەك ناوچەی دیاریكراو بەشێوەیەكی بەرچاو پێشێلكراوە و لەو بارەیەشەوە بەتایبەتی سەرنجی بۆ هێرشەكانی رژێمی ئەسەد راكێشا.
گوتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند ''لەكاتێكدا مرۆڤە بێتاوانەكان لەلایەن رژێمەوە دەكوژرێن لە سووریا، قۆناغی راگوزەری سیاسی دەست پێناكرێت'' و جەختی لەوەكردەوە كە ئەوان چاوەڕێی ئەوەن رووسیا رژێمی ئەسەد بێنێتە سەر ئەو باوەڕەی پابەندی رێككەوتنی وەستاندنی شەڕو پێكدادانەكان بێت.
ئێرنست ئاماژەی بە رۆڵی رژێمی سووریا لە هەڵكشانی توندوتیژییەكان لە حەلەب كرد و ئاشكرای كرد چ رژێم و چ لایەكانەكانی ئۆپۆزسیۆن خۆیان بە دوور دەگرن لە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لە ژێر چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكاندا.
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە لێدوانێكی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا، كە رایگەیاندبوو ''ئەگەر بێت و ئاگربەستەكە فراوان بكرێت و حەلەبیش بگرێتەوە، ئەوا رەنگە كۆبوونەوەكانی ئاشتی دەست پێ بكەنەوە''، ئێرنست ئاماژەی بەوەكرد كە رێككەوتنی وەستاندنی شەڕو پێكدادانەكان لە حەلەب گوزری زۆری بەركەوتووە و كۆكردنەوەی لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ لە دەوری نەتەوەیەكگرتووەكان كارێكی بنەڕەتی و گرنگە.
- كۆبوونەوەی لاڤرۆڤ و دی میستورا لە مۆسكۆ
جۆش ئێرنست ئاماژەی بۆ هەڵوێستی گرنگی رووسیا لەوبارەیەوە كرد و جەختی لەوەكردەوە كە ئەوان نیگەرانن لە بەردەوامیی زیادبوونی توندوتیژییەكان لە حەلەب و رایگەیاند ''ئێمە دەزانین رووسیا چەند كاریگەریی بەسەر رژێمی ئەسەدەوە هەیە. مۆسكۆ پێشتریش بۆچوونی ئەسەدی گۆڕیبوو، هیوادارین ئەمڕۆش جارێكی دیكە قەناعەتی پێ بكات''.
لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بە لێدوانەكەی دوێنێی وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ كە لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سووریا ستافان دی میستورا لە مۆسكۆ رایگەیاندبوو ''لەماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا ئاگربەست لە حەلەب رادەگەیەنرێت''، گوتەبێژی كۆشكی سپی ئاشكرای كرد كە هێشتا هیچ زانیارییەكی لەبارەی گەیشتنە رێككەوتنێكی لەوجۆرە نییە.
جۆش ئێرنست باسی لەوەشكرد كە سەبارەت بە رێككەوتنی ئاگربەست لە حەلەب هێشتا كۆبوونەوەیەك یاخود پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی پلان بۆ دارێژراو لەنێوان سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما و سەرۆكی رووسیا ڤلادیمیر پوتیندا بوونی نییە.
دواتر ئێرنست باسی لەو هاوكارییە مرۆییانە كرد كە گەیەنراونەتە سووریا و ئاشكرای كرد كە لەچوارچێوەی رێككەوتنی وەستاندنی شەڕو پێكدادانەكاندا لە ١٤ی شوباتەوە تا ئێستا لە رێگەی خاچی سووری سووری و عەرەبییەوە ٥٧ كاروانی هاوكاری مرۆیی گەیەنراوەتە ٢٣ ناوچەی دیاریكراوی سووریا. گوتیشی: "لەگەڵ ئەم كاروانانەدا نزیكەی ٧٠٠ بارهەڵگر پێداویستی گەیەنراوەتە ٦٧٨ هەزار كەس، ئەمە جگە لەوەی لەچوارچێوەی بەرنامەی خۆراكی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكاندا ١٦ بار هاوكاری لە ئاسمانەوە هەڵدراوەتە خوارەوە و لەلایەن ١٠٠ هەزار كەسەوە بەكارهێنراوە.
- رووسیا لە دەریای بەڵتیك هەڵسوكەوتی سووكایەتی ئامێز نیشان دەدات
گوتەبێژەكەی كۆشكی سپی سەبارەت بە گرژییەكانی نێوان كەشتییە ئەمریكییەكان و فڕۆكە رووسییەكان لە دەریای بەڵتیك لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، ئاماژەی بەوەكرد كە رووسیا لە دەریای بەڵتیكدا ژمارەیەكی زۆر هەڵسوكەوتی سووكایەتی ئامێزی نیشان داوە.
راشیگەیاند ''چەند جارێك دڵنیاییمان داوەتە هاوپەیمانە ئەورووپییەكانمان لەبەرامبەر ئەو هەڵسوكەوتانەی رووسیادا و پێویستە مۆسكۆ لەوبارەیەوە زیاتر كراوە بێت بە رووی پەیوەندیكردندا لەوبارەیەوە".