Muhammet Ali Kemal
15 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
ناوی وەزیرانی ئیدارەی 45ەمین سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وردە وردە رووندەبێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا باس لە ژمارەیەک ناو بۆ هەریەک لەپۆستی وەزارەتی گەنجینە و وزە دەکرێت.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بلومبێرگ تیمەکەی ترەمپ بەرپرسی پێشووی دامەزراوەی گۆڵدمان ساکس، ستیڤ منوچین-یان بۆ پۆستی وەزیری گەنجینە پێشنیازکردووە.
ستیڤ منوچین کە ئەرکی بەڕێوەبەری دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپی بینیوە، یەکێکە لەدامەزرێنەران و بەرپرسانی باڵای دامەزراوەی Dune Capital Management کە ناوەندەکەی لە شاری نیویۆرکە.
- سپۆنسەری دارایی فیلمەکانی هۆڵیوود
منوچین کە ماوەی 17 ساڵ بەرپرسی دامەزراوەی زەبەلاحی دارایی گۆڵدمان ساکس بووە، کەسایەتییەکیشە کە سپۆنسەری دارایی فیلمە بەناوبانگەکانی هۆڵیوودی کردووە.
دوای پەسەندکردنی لەلایەن هەریەک لەسەرۆکی داهاتووی ئەمریکا و ئەنجوومەنی پیرانەوە، ستیڤ منوچین دەبێتە وەزیری گەنجینەی ئەو وڵاتە و گرنگترین ئەو کێشانەی کە پێویستە بەرەنگاریان ببێتەوە، بریتیین لە کورتهێنانی بوودجە و نایەکسانی لەدابەشکردنی داهاتدا.
- بۆ وەزیری وزە جەخت لەسەر ناوی سێ کەسایەتی دەکرێتەوە
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس تیمەکەی دۆناڵد ترەمپ جەختیان لەسەر سێ ناو بۆ وەزیری وزە کردووەتەوە. یەکێکیان هارۆڵد هامە کە وەک ''پاشای نەوت'' ناسراوە، ناوی دووەم نوێنەری کۆماری ویلایەتی داکۆتای باکوور، کیڤن کرامەر و ئەوی دیکەشیان وەبەرهێن رۆبەرت گرادییە.
ئەوەی کە ئەرک و کاری وەزیری داهاتووی وزەی ئەمریکا قورستر دەکات ئەوەیە سیاسەتەکانی ترەمپ بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەو سیاسەتانەیە کەماوەی 8 ساڵە ئیدارەی ئۆباما لەبواری وزەدا پەیڕەویان دەکات.