Abdullah Shukur
02 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2019
بوێنس ئایریس- AA
سەرۆکی ڤێنیزوێلا، نیکۆڵاس مادورۆ رایگەیاند کە لە ماوەی ئەمساڵدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ پێکھێنانی ئەنجوومەنێکی نوێی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی ڤێنیزوێلا، نیکۆڵاس مادورۆ بە بۆنەی ٢٠هەمین ساڵیادی شۆڕشی بۆلیڤار بە سەرکردایەتی ھوگۆ شافێز لە ٢ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری پارتەکەی لە شاری کاراکاسی پایتەخت گوتارێکی پێشکەش کرد.
مادورۆ گوتی: "ئەمساڵ بۆ پێکھێنانی ئەنجوومەنێکی نوێی نیشتمانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دەدرێت. ھەڵبژاردنێکی سەربەخۆ و گەرەنتیدەر بەمەبەستی ئەنجوومەنێکی نوێی نیشتمانی لەلایەن گەل ئەنجام دەدەین".
نیکۆلاس مادورۆ راشیگەیاند کە ئەنجوومەن پڕۆژە یاسایەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئامادەکردووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی ڤێنیزوێلا و سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، خوان گوایدۆ رایگەیاندبوو کە حکوومەتەکەی مادورۆ ناناسێت و خۆی بە سەرۆکی کاتی وڵات راگەیاندبوو.
چەند رۆژێک لەمەوبەر گرووپێکی سەربازیی سەر بە یەکێتی پارێزگاریی نیشتمانی لە کاراکاس، لەرێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە داوایان لەخەڵک کرد کە راپەڕن".
دوای رووداوەکەی ناوچەی کۆتیزای شارەکەش ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام درا و، ٢٧ سەربازی یاخی خۆیان رادەست کردبوو.
ھەریەک لە وڵاتەکانی ئەمریکا، کەنەدا، کۆڵۆمبیا، پیرۆ، ئیکوادۆر، پاراگوای، بەرازیل، شیلی، پەناما، ئەرجەنتین، کۆستاریکا و گواتیمالا دانیان ناوە بە خوان گوادیۆدا وەک سەرۆکی کاتیی ڤێنیزوێلا، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی ئۆپۆزسیۆندا خۆی وەک سەرۆکی کاتیی ڤێنیزوێلا ناساندبوو.