Mazın Asad
27 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2017
غوتای رۆژھەڵات/ئیستانبوڵ - AA
ماوەی حەوت مانگە نەتوانراوە خۆراک و داودەرمان بۆ ناوچەی غوتای رۆژھەڵات بگوازرێتەوە کە پێنج ساڵە لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە ئابلوقە دراوە.
غوتای رۆژھەڵات کە ژمارەیەک شارۆچکە و شارەدێ لە رۆژھەڵاتی دیمەشق لەخۆ دەگرێت، رووبەڕەکەی ١٠٥ کلیۆمەترە و، نزیکەی ٤٠٠ ھەزار ھاووڵاتی سڤیل تێدا دەژین.
بە درێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا، ئەو ناوچەیە بەردەوام رووبەڕووی ھێرشە ئاسمانییەکانی رژێم بووەتەوە و ماوەی پێنج ساڵیشە ھەر لە لایەن رژێمەوە ئابلوقە دەدرێت.
تاکو نیسانی ٢٠١٧ بە رێگەی قاچاغ، تونێلی نھێنی و ئۆتۆمبێلە بازرگانییەکانەوە، رێژەیەکی سنووداری خۆراک بۆ غوتای رۆژھەڵات دەستەبەر دەکرا، بەڵام ماوەی ٧ مانگە بەھۆی گەمارۆی چڕی رژێم و گرووپە تیرۆریستییەکان رێگە بە خۆراک و داودەرمانی پێویست نەدراوە بگەیەندرێتە ناوچەکە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دەستی کەوتووە، ھەزار و ١١٤ منداڵ لە غوتای رۆژھەڵات بەھۆی برسێتی ژیانیان لە مەترسیدایە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ھەفتەی رابردوو دوو منداڵ بەوھۆیەوە گیانیان لەدەستدابوو.