Muhammet Ali Kemal
14 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2017
لەندەن- AA
ئەوە راگەیەنرا کە ژمارەی ئەو کەسانەی لەئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لە باڵەخانەیەکی ٢٤ نهۆمییدا لە لەندەن، برینداربوون بۆ ٥٠ کەس بەرزبووەتەوە.
لە باڵەخانەکەدا کە ١٠٠ یەکە لەخۆدەگرێت و دەکەوێتە گەڕەکی لاتیمەر رۆد لە خۆرئاوای لەندەن، کاتژمێر ٠١:٠٠ بەکاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، ئاگرێک کەوتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ٤٥ ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ٢٠٠ کارمەند لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتن لە لەندەن، ئاشکرایکرد زیاتر لە ٥٠ کەس کە برینداربوون یان بەهۆی دووکەڵەوە باری تەندروستییان تێکچووە، رەوانەی ٥ نەخۆشخانەی ناوچەکە کراون.
ئەمە لەکاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی لەندەن، ئاماژەی بەوەکرد لەو ئاگرەدا کە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکەوە بۆ نهۆمەکانی دیکە تەشەنەی سەندووە، چەند کەسێک لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تا ئێستا زانیاری سەبارەت بە ژمارەکەیان ئاشکرانەکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی لەندەن، رایگەیاند کە ١٤ یەکەی فریاکەوتن لە هەوڵەکانی رزگارکردنی ئەو کەسانەن کە بەهۆی ئاگرەکەوە باری تەندروستییان تێکچووە و برینداربوون کە دوای ئاگادارکردنەوەیان بە ٦ خولەک، تیمەکان گەیشتوونەتە ناوچەکە.
لەکاتێکدا بەهۆی ئاگرەکەوە، بەشێک لە داروپەردووی باڵەخانەکە دەکەونە خوارەوە، دانیشتوانی باڵەخانەکانی دەورووبەریش لە ترسی داڕووخانی ئەو باڵەخانەیەی ئاگری گرتووە، لەلایەن کاربەدەستانەوە، یەکەکانی نیشتەجێبوونیان پێ چۆڵکرا.