Fahrettin İbrahim
17 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2019
هەولێر - AA
حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی سەر دیپلۆماتکارە تورکەکان لە هەولێری کردووە.
لە راگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان خەریکى لێکۆڵینە و بەدواداچوونى جددین بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەران و بەسزاگەیاندنى یاسایییان".
حکوومەتی هەرێم جەخت لەوە کردووەتەوە کە "بە هیچ شێوەیەکیش ڕێگە نادرێت ئارامى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان بشێوێنرێت".
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتى هەرێمى کوردستان:
بە توندى سەرکۆنەى ئەو کردەوە تاوانکارییە دەکەین کە نیوەڕۆى ئەمڕۆ لە یەکێک لە ڕێستوڕانتەکانى هەولێر ڕوویدا و لە ئەنجامدا کارمەندێکى کونسولخانەى تورکیا و هاووڵاتییەک گیانیان لەدەست دا و هاووڵاتییەکى دیکەش بریندار بوو.
پرسە و سەرەخۆشى لە کەسوکارى قوربانیان دەکەین و هاوخەمیانین، هەروەها هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان خەریکى لێکۆڵینە و بەدواداچوونى جددین بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەران و بەسزاگەیاندنى یاسایییان، بە هیچ شێوەیەکیش ڕێگە نادرێت ئارامى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان بشێوێنرێت.
حکوومەتى هەرێمى کوردستان
١٧/٧/٢٠١٩