Hamit Hüseyin
17 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2019
ھەولێر - AA
لە راگەیەندراوێکدا کە ئاسایشی هەولێر ئاراستەی رای گشتی کردووە، لەسەر رووداوی تەقەکردنەکە لە دیپلۆماتکارە تورکەکان زانیاری داوە و رایگەیاندووە کە بە هۆی رووداوەکە "بەداخەوە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی کارمەندێکی کۆنسولخانەی تورکیا و ھاووڵاتییەک و برینداربوونی یەکێکی دیکەش".
ئاسایشی هەولێر جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ھاووڵاتییانی ھەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە کە رێگە نادەین دۆخی ئارام وئاسایشی ھەرێمی کوردستان تێک بدرێت".
دەقی راگەیەندراوەکەی ئاسایشی ھەولێر:
ئەمڕۆ لە رێستورانتێکی شاری ھەوڵێر رووداوێکی تەقەکردن روویدا کە بەداخەوە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی کارمەندێکی کۆنسولخانەی تورکیا و ھاووڵاتییەک و برینداربوونی یەکێکی دیکەش.
ئێمە لە کاتێکدا ئەم رووداوە بەتوندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و ھاوخەمی خۆشمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕین. لە ھەمانکاتدا ھاووڵاتییانی ھەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە کە رێگە نادەین دۆخی ئارام وئاسایشی ھەرێمی کوردستان تێک بدرێت. لێکۆلینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر
١٧/٧/٢٠١٩