Zana Natık Kerem
15 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2017
ریاز ــ AA
شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز رایگەیاند كە گرنگە هەڵوێستی توند بەرامبەر تیرۆر و توندڕەوی، هەروەها پاڵپشتیكاری یەكەمیان كە ئێرانە بیگرێتەبەر.
ئەم لێدوانەی شای سعوودیە لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هات كە لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ دوای راگەیاندنی ستراتیجییەتی نوێ ئەمریكا بەرامبەر ئێران، ئەنجامی دا.
لە میانی راگەیاندنی ستراتیجییەتەكەی، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی بەسەر ئێراندا كرد و بە پاڵپشتیکردنی تیرۆر تۆمەتباری كرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعوودیە بڵاوی كردەوە كە هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، سەلمان بن عەبدولعەزیز دووپاتی كردەوە كە سعوودیە پێشوازی و پاڵپشتی لە ستراتجییەتە نوێیەكەی ئەمریكا بەرامبەر ئێران دەكات كە رۆژی هەینی رابردوو دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو.
بە پێی ئاژانسەكە، شای سعوودیە جەختی كردووەتەوە كە گرنگە هەڵوێستی توند بەرامبەر تیرۆر و توندڕەوی، هەروەها پاڵپشتیكاری یەكەمیان كە ئێرانە بیگرێتەبەر.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ستایشی پاڵپشتییەكەی شای سعوودیە بۆ ستراتجییەتەكەی كردووە و دووپاتی كردووەتەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سوورە لەسەر كاركردن لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە جیهان.
رۆژی هەینی رابردوو سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ستراتیجییەتە نوێیەكەی بەرامبەر ئێران راگەیاند كە لە میاندا هەڕەشەی كشانەوەی لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کرد، ئەگەر كۆنگریس و هاوپەیمانانی ئەمریكا لە چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی رێككەوتنەكە شكست بهێنن و بەڵێندا سزای توند بەسەر تاراندا بسەپێنێت.