Ramal Mahmood
10 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
لە پێشبینی راپرسییەکان و دامەزراوە میدیاییەکان لەبارەی براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا زۆربەی هەرە زۆریان بەهەڵەداچوو بوون، یەکێک لەو کەسانەی کە چەند مانگێکە بەپێداگیرییەوە دەیگوت ترەمپ سەردەکەوێت پڕۆفیسۆرێک بوو.
پرۆفیسۆر ئاڵڵان لیشمان بۆ جاری یەکەم لە مانگی ئایاری رابردوو کاتێک هێشتا دیارنەبوو کێ دەبێتە پاڵێوراوی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، رایگەیاند کە ترەمپ تەنها نابێتە پاڵێوراوی پارتی کۆماری بەڵکو بە سەرۆکی ئەمریکاش هەڵدەبژێردرێت.
لیشمان پشبینیەکەی لەسەر نموونەی وەڵامەکانی "راست-هەڵە" بۆسەر ١٣ ئاست دابەش کردبوو. ئەوەیشی خستبووەڕوو کە لەڕێگەی ئەمەوە لەساڵی ١٩٨٤ەوە دەزانێت کێ براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت.
پڕۆفیسۆرە ئەمریکیەکە نزیکەی یەک مانگ بەر لە هەڵبژاردنەکان کە هێشتا هیچ راپرسییەک پێشبینی ئەوەی نەکردبوو کە ترەمپ براوەی هەڵبژاردنەکە دەبێت، جەختی لەسەر پێشبینیەکەی خۆی کردەوە. هەرچەند پێشبینیەکەی لیشمان لای میدیا بەناوبانگەکانی ئەمریکا گرنگی پێ نەدرا. بەڵام لە هەڤیەپڤینێکدا بۆ رۆژنامەیەک پێداگیر بووە لەسەر پێشبینییەکەی و ئەوەی هێناوە بەرباس کە بەتەواوی لەوە دڵنیایە کە ترەمپ براوەی هەڵبژاردنەکە دەبێت.
ئەو نموونەی لیشمان پشتی پێ بەستووە بەپێی شیکاری دیمۆگرافی و ویلایەتەکان نەبووە. لەبری ئەوانە سەرکەوتنی پاڵێوراوانی لەناو پارتەکانیان بەپێی ١٣ قۆناغ دابەش کردووە. لیشمان لەوبارەیەوە گوتی: "لەپشتی ئەمەوە تیۆرییەک هەیە کە ئەوە دەردەخات هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەمجۆرە نییە کە ئێمە بیرمان لێکردووەتەوە. سیستەمی ئێمە کەمپینەکانی هەڵبژاردن، گوتەکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، مشتومڕەکانی تەلەڤیزیۆن و چالاکییەکان لەخۆ ناگرێت. لەڕاستیدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لەبری هەموو ئەمانە بنەمای بنەڕەتی ئەوەیە سەرکەوتنی ئەو پارتە مسۆگەرە کە لە کۆشکی سپیدایە چەند لە ئاست خواستی دەنگدەرانی دابووە. ئەگەر ئەو سەرکەوتنە ئێجگار باشیش بێت پاڵێوراوی ئەو پارتە چوار ساڵی دیکە دەمێنتەوە. بەپێچەوانەوە لایەنەکەی دیکە براوە دەبێت".