Muhammet Ali Kemal
10 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە کە سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، باراک ئۆباما کە تاوەکو 20ی کانوونی دووەمی 2017 لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا کە لە سەرۆکایەتییەکەی ماوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر جێبەجێکردنی یاسا و رێککەوتننامەکان لەوڵاتەکەیدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جۆش ئێرنست لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە سەرکەوتنی کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا و دوایین مانگەکانی دەسەڵاتی ئیدارەی ئۆباما، دایەوە.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی دیموکراتەکان ژمارەیەک ویلایەتیان لەدەستداوە کە لەهەڵبژاردنەکانی 2008 و 2012دا بەدەستیانهێنابوو، ئایا ئەمە پەیامێکە دەنگدەران ئاراستەی ئیدارەی ئێستای ئەمریکای دەکەن، جۆش ئێرنست رایگەیاند ''جارێ کاتێکی زۆر بەسەر دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا تێنەپەڕیوە. لەبەرئەوە بۆ لێکدانەوەی ئەوەی کە پەیامی دەنگدەران چی بووە، هێشتا زۆر زووە''.
باسی لەوەشکرد زۆر لێکدانەوە و خەمڵاندن بۆ ئەوە دەکرێت کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ کۆمارییەکان و دیموکراتەکان چی دەگەیەنێت و گوتی: ''زۆر کەس هەیە کە لەهەڵبژاردنەکانی 2008 و 2012دا دەنگی بە باراک ئۆباما داوە و لەهەڵبژاردنی 2016دا دەنگی بۆ دۆناڵد ترەمپ داوە. ئەگەر بەڕاشکاوی پێتان بڵێم، هیچ روونکردنەوەیەکم نییە بۆ ئەمە''.
ئێرنست باسی لەوەکرد کە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە بەڵام باراک ئۆباما لەم ماوەیەدا هاوکاریی پێویستی پێشکەش دەکات.
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەدا گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد کە ئۆباما لەو ماوەیەی کە لەسەرۆکایەتیدا ماویەتی گرنگی بەجێبەجێکردنی ریفۆرمی تەندروستی لەنێوخۆی وڵاتدا دەدات، تیشک دەخاتە سەر جێبەجیکردنی رێککەوتننامەی پاریس کە بۆ رێگرییکردن لە گۆڕانی کەشوهەوا واژووکراوە و هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ناوەکی لەگەڵ ئێراندا.
ئێرنست رایگەیاند ''سەرۆک ئۆباما تاوەکو 20ی کانوونی دووەم لەسەرۆکایەتی ئەمریکا و لەسەر کارەکەی لە کۆشکی سپی بەردەوام دەبێت. تاوەکو ئەو رۆژە بەڵێنی خۆی سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە درێژە پێدەدات. بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو بەڵێننامانەدا دەکەین کە لەوبارەیەوە داومانە''.
گوتەبێژی کۆشکی سپی هەروەها گوتی:
''تیمی سەرۆکی داهاتوو دەرفەتی ئەوەیان دەبێت زانیاریی سەبارەت بەم سیاسەتانەی ئیدارەی ئۆباما لەشارەزایانی ئاسایشی نیشتمانیی وەربگرن. بەڵام دواجار ئەوە سەرۆکی داهاتووە کە سیاسەتی دەرەوە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو دادەڕێژێت''.