ڤیەننا
نیوەی یەكەمی كۆتایی پێشبڕكێی گۆرانی یۆرۆڤیژنی 2015 كۆتایی هات كە ئەمساڵ 60ەمین پێشبڕكێیەتی و لەڤیەننای پایتەختی نەمسا سازدەكرێت.
نیوەی یەكەمی كۆتایی كە كە ''ستادهۆڵ'' لە ڤیەننا بەڕێوەچوو بە گۆرانی ''رایز لایكە فیۆنەكس''ی كۆنچیتا ۆرستی نوێنەری نەمسا دەستی پێكرد كە پێشبڕكێی گۆرانی یۆرۆڤیژنی 2014ی بردبووەوە.
پێشبڕكێكەی ئەمساڵ لەژێر ناوی (بنیاتنانی پردەكان) ''بیڵدینگ بریجز''ە و هەریەك لە میریام وایچسەڵبراون، ئالیس تیوملەر و ئارابێللا كیسباوەر وەك پێشكەشكار تێیدا بەشدارن.
دوای ئەوەی نوێنەری 16 وڵات لە نیوەی یەكەمی كۆتاییدا گۆرانییەكانیان پێشكەش كرد، دەنگدان لەسەر گۆرانییەكان دەستی پێكرد. بەپێی ئەنجامی دەنگدانەكە هەریەك لە: ئەلبانیا، ئەرمینیا، رووسیا، رۆمانیا، هەنگاریا، یۆنان، ئێستۆنیا، جۆرجیا، سربیا و بەلجیكا مانەوە بۆ قۆناغی كۆتایی (فیناڵ).
هەریەك لە هۆڵەندا، فینلەندا، مەسەدۆنیا، دانمارك و بیلاروسیا چوونە دەرەوەی پێشبڕكێكە.
نوێنەری ئەو وڵاتانەی بۆ قۆناغی كۆتایی ماونەتەوە پێكەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكرد و هەستی خۆیانیان دەربڕی.
نوێنەری ئەلبانیا ئێلهایدا دانی گوتی: "ئەنجامەكە زۆر گرنگ نییە بەڵكو مانەوە بۆ قۆناغی كۆتایی مایەی شانازییەكی زۆر گەورەیە".
نوێنەری رووسیا پۆلینا گاگارینا رایگەیاند بەهۆی ئەوەی كە ماوەتەوە بۆ قۆناغی كۆتایی زۆر دڵی خۆشە و گوتی:"كوڕێكم هەیە، ئەم هەستە وەكو لەدایكبوونی منداڵی دووەمم وایە''.
نوێنەری هەنگاریا بۆگی ئاماژەی بەوەكرد گۆرانییەكەی ئەو زۆر ئاشتییانەیە و ویستوویەتی لەو رێگەیەوە پەیامی ئاشتی بگەیەنێت و رایگەیاند "دەتوانین لەرێگەی موزیكەوە دۆخی جیهان باشتر بكەین، لەبەر ئەوەش كە ئەورووپا لە پەیامەكەی من تێگەیشت زۆر دڵخۆشم''.
نوێنەری یۆنان ماریا ئێلێنا كیریاكاو رایگەیاند گەیشتنی بە قۆناغی كۆتایی بۆ وڵاتەكەی زۆر گرنگە و گوتی: "وڵاتەكەم بەهۆی قەیرانی داراییەوە شایەنی ئەوەبوو چانسێكی تری پێ بدرێت''.
نوێنەری سربیا بۆیۆنا ستامینۆڤ ئاماژەی بەوەكرد كە لە ریزی نۆیەمەوە سەركەتووە بۆ قۆناغی كۆتایی و گوتی:" ژمارە 9 بۆ من ژمارەی بەختمە، ئامۆژگاری من ئەوەی خۆت بە، سروشتی بە، لە گۆرانییەكەتدا چڕ بەرەوە و بەختەوەر بە، هێشتاش باوەڕم نەكردووە كە گەیشتوومەتە قۆناغی كۆتایی''.
دووەمین نیوەی كۆتایی پێشبڕكێی گۆرانی یۆرۆڤیژنی 2015 لە سبەی پێنجشەممە بەڕێوە دەچێت، كۆتاییە گەورەكەش لە 23ی ئەم مانگە سازدەكرێت. نەمسا بۆ جاری دووەمە میوانداری پێشبڕكێی گۆرانی یۆرۆڤیژن دەكات لە دوای ئەوەی لە ساڵی 1967یشدا میوانداری ئەو پێشبڕكێیەی كردبوو.