Kasım İleri
03 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2023
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، عەمید پاتریک رایدەر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MiT) بۆسەر بەناو سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبو حوسێن قورەیشی ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەرز دەنرخێنن.
عەمید پاتریک رایدەر لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەییدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کوشتنی سەردەستەی داعش لە باکووری سووریا لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیاوە، رایگەیاند: ''لەئێستادا ناتوانین ئەم هەواڵانە پشتڕاست بکەینەوە، ئەگەر راست بێت بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێدەکەین. بە گشتیی هەوڵەکانی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەرزدەنرخێنین. وەک دەزانن لە ماوەی رابردووشدا سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری سووریادا بەرەنگاری داعش بووەوە. هەر کارێک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بیکات بەسوودە بۆ ئەوەی داعش بۆ هەمیشە تێکبشکێت''.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، عەمید پاتریک رایدەر لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بوون و نەبوونی پەیوەندی لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەو بارەیەوە، ئاماژەی بە فەرماندەیی هێزەکانی ئەورووپای ئەمریکا کرد و خۆی لە وەڵامدانەوە بەدوور گرت.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ٣٠ی نیساندا رایگەیاند کە ئەبو حوسێن قورەیشی لە چالاکی خراوە.
ئەبو حوسێن قورەیشی کە لە ساڵی ٢٠١٣دا پەیوەندی کرد بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە ماوەیەکی کورتدا پلەی لەناو رێکخراوەکەدا بەرزبووەوە.
ئەبو حوسێن قورەیشی لە دوای کوژرانی ئەبو حەسەن قورەیشی لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا، بووە خەلیفەی نوێی داعش.