Sarmand Hameed
29 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2021
بەغدا - AA
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایش تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەبارەی بەشدارییکردن و چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی نەداوە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
پلاسخارت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جەلیل خەلەف رایگەیاند "هەڵبژاردنەکانی عێراق پەیوەندی بە وڵاتەکەوە هەیە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەست لەو بابەتە وەرنادات".
پلاسخارت راشیگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان لە رووی هونەرییەوە پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکان لە عێراق دەکات و شوێنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ناگرێتەوە.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، جەلیل خەلەف لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاشکرای کرد کە کۆمیسیۆن بانگهێشتنامەی ئاراستەی ٥٢ باڵیۆزخانەی وڵاتانی عەرەبی و بیانی کردووە بۆ چاودێرییکردنی هەڵبژاردنەکان.
جەلیل خەلەف روونیکردەوە کە هەزار و ١٦٨ تیمی گەڕۆکیان داناوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بەردەوامن لە کارەکانیان.
جەلیل خەلەف ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاریداوە بە درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی ئەو هاوپەیمانییە سیاسییانەی کە خواستی بەشدارییکردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا هەیە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد کە تاوەکو ئێستا لە کۆی ٢٧ هاوپەیمانی تەنها چوار هاوپەیمانی خواستی خۆیان بۆ بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکاندا نیشانداوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت.