Rewa Mahmut Hasan
15 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2016
ئیسلام ئاباد - AA
وەزیری ناوخۆی پاکستان جۆدری نیسار عەلیخان رایگەیاند کە تا ٢٠ ی ئەم مانگە دەبێت ١٠٨ مامۆستای سەر بە خوێندنگەکانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵاچی ناسراو بە فەتۆ کە لە ٢٣ خوێندنگەدا کار دەکەن لەگەڵ خێزانەکانیاندا پاکستان بەجێ بهێڵن.
عەلیخان لەمیانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی راستەخۆی کەناڵێکی پاکستانی ئاماژەی بەوەدا کە بە رەسمی داوایان لە ١٠٨ مامۆستای سەر بە خوێندنگەکانی فەتۆ کردووە کە وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن.
ئەو وەزیرەی پاکستان ئاماژەی بەوەدا کە بەو مامۆستایانەیان گوتووە کە لەگەڵ خێزانەکانیاندا ژمارەیان ٤٠٠ کەس دەبێت تا ٢٠ ی تشرینی دووهەم پاکستان بەجێبهێڵن.
رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵاچی لەژێرناوی کۆمپانیای پاکتورکدا چەندین خوێندنگەی لە پاکستان کردۆتەوەو لای خۆیانەوە سایتی دەزگای پاکتورک زانیاریەکانی پشتراست کردۆتەوەو ئاماژەی بەوەداوە کە داوای رەسمی حکوومەتی پاکستانیان پێگەیشتووە تاکو ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن .
لەمیانی سەردانی چاوەڕوان کراوی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پاکستان کە بڕیارە سبەینێ ئەنجام بدرێت، ئەو پرسە لەگەڵ حکوومەتی پاکستاندا دەخرێتە بەرباس.
ئەردۆغان بە سەردانێکی دوو رۆژە سبەینێ دەگاتە پاکستان و لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری پاکستان مەمنون حوسەین و سەرۆکوەزیران نەواز شەریفدا کۆدەبێتەوە.