Heman Hussein Yaseen
28 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
پارێزگای ورمێ و پارێزگای ھەولێر لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی پێشەسازیی ھاوبەش لەسەر سنوور، ھەروەھا کارئاسانی بازرگانیی و پەرەپێدانی جموجۆڵە بازرگانییەکان رێککەوتن.
لە راگەیەندراوێکدا کە بە واژووی پارێزگاری ورمێ و پارێزگاری ھەولێر بڵاوکراوەتەوە کە چەند خاڵێک لە خۆدەگرێت و رێککەوتنێکە بە هەردوو زمانی کوردی و فارسییە، لەنێوان ھەردوو پارێزگای ھەولێر و ورمێ کە تیایدا ئاماژە بە بەرەوپێشبردنی رەوشی ئابووریی و پیشەسازیی و بازرگانیی و وەبەرھێنان، کاراکردنەوەی گەشتەکانی نێوان ھەردوو شار، واژوو کراوە.
ئێوارەی ٢٦ی کانوونی یەکەم، پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو، سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و لەلایەن پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ)، محەمەد سادق موعتەمدیان پێشوازیی لێکرا و دواتر لەسەر چەند تەوەرێک کۆبوونەوە.
رۆژی دواتر، پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەمەبەستی بەھێزکردنی جوڵە و رەوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین، بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ) بۆ کاروباری بازرگانیی، نادر سادقی سەردانی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ورمێی کرد و لەلایەن سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ورمێ، حەسەن ئینتزار کۆبووەوە و پارێزگاری ھەولێر، تیشکی خستەسەر رەوشی ئابووریی و چۆنیەتی بەھێزکردنی جوڵە و رەوشی بازرگانیی لە دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین و چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی رەوشی ئابووریی و پیشەسازیی و بازرگانی و وەبەرھێنان لەنێوان ھەردوولادا، لەوبارەیەشەوە دووپاتی کردەوە کە وەک پارێزگای ھەولێر، ھەموو ھەولێکی خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووریی و بازرگانی.