Mustafa Deveci,Nazir Aliyev Tayfur
18 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی قرغیزستان، جەنبەک کولوبایەڤ پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سیاسەتی نێوەندگیرانەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو لە پرسی ئۆکراینادا خستەڕوو و رایگەیاند "هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرایناوە سەرکەوتنێکی گەورەیە. پێمانوایە سیاسەتی نێوەندگیرانەی دەوڵەتی تورکیا، دەبێتە مایەی هێنانە کایەی ئایندەیەکی گەشتر".
جەنبەک کولوبایەڤ لە میانی سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەنقەرە، بووە میوانی ئاژانسی ئانادۆڵو و باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا، قرغیزستان و پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان کرد.
وەزیری دەرەوەی قرغیزستان ئەوەی وەبیرهێنیەوە کە تورکیا یەکەم وڵات بووە کە دانیناوە بە سەربەخۆیی قرغیزستاندا و هەمیشە ئەنقەرە پشتیوانییەکی بەهێزی وڵاتەکەی بووە، گوتیشی: "پێموایە تورکیا و قرغیزستان لە ئایندەدا زۆر هەماهەنگی هاوبەش ئەنجامدەدەن، چونکە تورکیا رۆڵێکی گەورەی هەیە لە فراونبوونی ئابووریدا. ئێمە پێویستمان بە ئەزموونی تورکیا هەیە. بەم هۆیەشەوە بیر لە ئایندەی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەینەوە و زۆر بایەخ بە پێکەوە کارکردنمان دەدەین".
جەنبەک کولوبایەڤ ستایشی سیاسەتی نێوەندگیرانەی تورکیاشی کرد لە پرسی ئۆکراینادا و ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە لە قرغیزستان و تەواوی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست نرخی کاڵاکان بەرزبووەتەوە، بەم هۆیەوە وڵاتانی ناوچەکە بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕان بۆ ئاسایشی خۆراک، پشتیوانی وڵاتەکەشەی بۆ سیاسەتی نێوەندگیرانەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو خستەڕوو و رایگەیاند "هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرایناوە سەرکەوتنێکی گەورەیە. پێمانوایە سیاسەتی نێوەندگیرانەی دەوڵەتی تورکیا، دەبێتە مایەی هێنانە کایەی ئایندەیەکی گەشتر".
وەزیری دەرەوەی قرغیزستان، ئاماژەشی بە خراپی رەوشی ئەفغانستان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو وڵاتە رووبەڕووی قەیرانێکی زۆر قورسی ئابووری بووەتەوە، گوتیشی: "بۆ رێگریکردن لە خراپتربوونی رەوشی کۆمەڵایەتی ئەفغانستان، پێویستە بەزووترین کات هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە گەلی ئەو وڵاتە بکرێت. کۆماری قیرغزستان لە هەوڵدایە هاوکاری پێشکەش بە گەلی ئەفغانستان بکات".