Sümeyye Özer,Muhammet Ali Kemal
04 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2018
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هایکۆ ماس بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا، بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، سەردانی تورکیا دەکات.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، هایکۆ ماس لە نێوان رۆژانی پێنج بۆ شەشی ئەیلوولدا سەردانی تورکیا دەکات.
هایکۆ ماس لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت دیداری لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی پەرلەمان، بینالی یڵدرمدا هەبێت.
لە دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە تورکیا، هایکۆ ماس تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا، بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات.
ئەمە جگە لەوەی ناوبراو بەشداریی لە کردنەوەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩دا بە بۆنەی ١٥٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئامادەیی ئەڵمانیی لە ئیستانبوڵ لە ئامادەییەکە دەکات و بڕیار وایە مەولود چاوشئۆغڵوش بەشداریی لە رێورەسمەکەدا بکات.