Hemn Baban,Sarmand Hameed
01 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2016
كتێبەكە لە 184 لاپەڕە پێكدێت و چیرۆكی راستەقینەی قوربانییانی ئەوئێزدییانەیە کە لەلایەن داعشەوە ستەمیان لێكراوە.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێوڕەسمێكی رێزلێنانی بۆ نووسەری كتێبی" الفرمان الاخیر" حەسۆ هۆرمی لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی ئەو وەزارەتە لە شاری هەولێر رێكخست.
نووسەر كتێبی "الفرمان الاخیر" كە تایبەتە بە داعش و قڕكردنی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان لەسەر دەستی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش" باسی ئەو نەهامەتییانەی كردووە كە بەسەر ئێزیدییەكان هاتووە لەساڵی 2014.
سەرەتا بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان محەمەد گەردی وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا گوتی " كتێبەكە لەسەر برا ئێزیدییەكانمانە كە لە كارەساتی سێی ئابی 2014 بەسەریاندا هات، بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو كارەساتە و كتێبەكەش ببێتە بەڵگەنامەیەك بۆ بەجینۆسایدناساندنی زیاتری ئەو كارەساتە".
دواتر ناساندنێك بۆ كتێبەكە و نووسەر كرا كە ئاماژە بۆ ئەوە كرا کە حەسۆ هۆرمی بەكالۆریۆسی لە راگەیاندن هەیە و خوێندنی باڵا لە زانستی رۆژنامەگەری دەخوێنێت، سەرۆكی دامەزراوەی ئێزدییەكانە لە هۆڵەندا و سەرنووسەری رۆژنامەی چرایە لەو وڵاتە، ئەندامی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی زانا و توێژەرەكانی جینۆسایدە، لەچەندین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتییدا نوێنەرایەتی عێراق و ئێزدییەكانی كردووە، ناوبراو زیاتر لە 8 كتێبی لەسەر ئێزیدییەكان هەیە.
نووسەری كتێبی" الفرمان الاخیر" كە بەزمانی عەرەبی نووسراوە حەسۆ هۆرمی لەبارەی كتێبەكەیەوە گوتی: "كتێبەكە زیاتر ئاخاوتنە لەگەڵ عەقڵی عەرەبی كە تا ماوەیەكی نزیكیش لەو باوەڕەدا نەبوون كە ئەو كارەساتانە بەسەر ئێزیدییەكان هاتبێت و بەهۆی ئاینەكەیانەوە كوژرابن و ماڵ و كچ و ژنی ئەوان حەڵاڵ كرابێت".
دواتر لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایەوە نووسەر حەسۆ هۆرمی لەبارەی هەوڵەكانی بۆ ناساندنی پتری کەیسی ئێزدییەكان و ئەو تاوانانەی دەرهقیان ئەنجام دراوە.
لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن نووسەری كتێبەكە گوتیشی: " كتێبەكە لەسەرەتاوە باس لە ئێزدییەكان كراوە و چەندین كارەساتی ئێزدییەكانمان بەشێوەی چیرۆك داڕشتووە كە هەمووی چاوپێكەوتن بووە لەگەڵ ئەو كەسانەی کە بوونەتە قوربانیی دەستی چەكدارانی داعش، پێناسەیەكی ئێزدییەكان و ئەو تاوانانە کراوە کە بەسەر ئەواندا هاتووە، چاپی یەكەمی كتێبەكە لە وڵاتانی عێراق و لوبنان و كەنەدا لەلایەن دەزگای خانەی ئەلرافیدەین چاپ كراوە و لە چەندین پیشانگەی كتێب نمایش دەكرێت".
دواتر نووسەر كتێبەكەی بە ئیمزای خۆی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش كرد و بە قسەی خۆی داهاتەی بۆ ئەو منداڵە ئێزدییانەیە كە دەست كورتن و قوربانیی دەستی داعشن.