Can Efesoy
01 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: "هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە واتای پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەیە و داگیرکارییەکی نایاساییە".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە، "دەستپێکی هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە واتای پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەیە و داگیرکارییەکی نایاساییە. پێویستە ئەم هێرشە دەستبەجێ ڕابگیرێت و سەربازانی ئیسرائیلی لە خاکی لوبنان بکشێنەوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا وێڕای هۆشداریدان لەبارەی ئەوەی کە، "هێرشەکە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە بەڵکو لەسەر وڵاتانی دیکەش دەبێت"، هاتووە: "ئەو هێرشە دەبێتە هۆی شەپۆلێک لە کۆچ و پێدانی دەرفەت بە توندڕەوەکان لەسەر ئاستی جیهانی بۆ بەهێزبوونیان. لەم دۆخەدا نابێت پشتیوانیکارانی ئیسرائیل و دابینکەرانی چەک بۆ ئەو وڵاتەش فەرامۆش بکەین".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی خۆی ببینێت و ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکردنی لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە ببینێت و هاتووە، "ئەوە گورزێکە لە یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان".
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە بۆ ئارامی ناوچەکە، دەستبەجێ ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە پێویستە و وەبیریشی هێناوەتەوە کە بەدیهێنانی ئاشتی لە غەززە بەرپرسیارێتی هەموو مرۆڤایەتییە.