Dlshad Saifaalddin Ahmed
09 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2018
سلێمانی ـ AA
رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، زمناكۆ جەلال لە هەڤپەیڤینێكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، دەرەنجامی راپرسییەكان، كاریگەری لیست و قەوارە سیاسییە نوێیەكان لەسەر دەنگی لایەنەكان، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و كۆسپەكانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە، هەروەها داواكاری و چۆنیەتی بەشداریکردنی گۆڕان لە حكوومەتدا دەكات.
زمناكۆ جەلال سەرەتا و لە بارەی ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن قسەی كرد كە چەند رۆژێكی كەمی ماوە و گوتی: "هەڵمەتی بانگەشە تا رادەیەك ئارام بەڕێوەچووە، توندوتیژی بەرچاو رووینەدا هەرچەندە لێرەو لەوێ هەندێ شت بووە لە پەلاماردانی كاندیدمان و رێگری لە هەندێك لە بانگەشەكاران، بەڵام حاڵەتی گەورە و تێكچوونی هەڵمەتی بانگەشە رووینەداوە، ئێمە خۆمان پێشتر رامانگەیاند كە هەڵمەتێكی بانگەشەی ئارام بەڕێوەدەبەین و لە هێزەكانی تریش تا رادەیەك هەڵمەتێكی بانگەشەی ئارام بەڕێوەچووە كە جێگەی دڵخۆشییە".
ئەو پێشبینی دەكات، ئەو چەند رۆژە كەمەی ماوە و بەرەو قۆناغی كۆتایی پڕۆسەكە دەڕوات تا رادەیەك كێبڕكێكان توندتر ببنەوە.
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە رۆژی 12ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت لە رۆژی 15ی مانگی رابردوو لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد و رۆژی 11ی ئەم مانگە بە كۆتادێت.
لە بارەی دەرەنجامی ئەو راپرسیانەی لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە هەڵبژاردن و دەنگی لیستە بەشدارەكانی پڕۆسەكە بڵاودەكرێنەوە، رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان كە پێشتر لەو بوارەدا كاری كردووە دەڵێت "لەبەر ئەوەی دەزگایەكی پڕۆفیشناڵی تەواو لە هەرێمی كوردستان نییە كە بەستانداردێكی جیهانی كار بكات، هەر كەس و لایەنێك بە ویستی خۆی راپرسی دەكات و بە باڵای هێزەكەی خۆیدا دەڵێت، ئەو راپرسییانەی بڵاوكراونەتەوە بنەمای زانستیان زۆر بە راست نازانم، لەبەر ئەوەی ئەو راپرسیانەی لە وڵاتان دەكرێت پێشبینی و دەرەنجامەكان لێكەوە نزیكن، بەڵام راپرسییەكانی ئێرە سەد دەر سەد رێژەكان پێچەوانەی یەكترن، ئێمە وەك خۆمان لە رێگەی كەسانی تایبەتمەند راپرسیمان ئەنجامداوە و دەرەنجامەكان بەو شێوەیە نییە كە لەو راپرسیانەدا بڵاوكراونەتەوە".
ئەو هەروەها گوتی: "بەپێی راپرسییەكانی خۆمان دەنگەكانی گۆڕان لە سلێمانی سەقامگیرە و لە هەولێر و دهۆكیش بەرزتر دەبنەوە، هێز و قەوارە سیاسییە نوێیەكانیش كە یەكەمجارە بەشداری پڕۆسەكە دەكەن كاریگەریان لەسەر دەنگی گۆڕان نابێت و لە دەنگی لایەنەكانی تر دەبەن، ئەو هێزانە گۆڕانكاری گەورە دروست ناكەن و ئەو گۆڕاكارییەی گۆڕان لە ساڵی 2009 دروستی كرد دووبارە نابێتەوە، بۆیە نەخشە سیاسییەكە تا رادەیەك فرە رەنگتر دەبێت، بەڵام گۆڕانكاری زۆر گەورەی بەسەر نایەت".
بزووتنەوەی گۆڕان لە چەندین پرسدا بیروڕای جیاوازی لەگەڵ لایەنەكانی تر هەیە، مەترسی گەورەش هەیە لەسەر بەردەوامبوونی ناكۆكییەکان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن لە بەغدا.
زمناكۆ جەلال لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەم ململانێ و ناكۆكییانە شتێكی واریدە و نۆرماڵە بگوازرێتەوە بۆ دوای هەڵبژاردنەكانیش، بەڵام ئەوەی لە پڕەنسیپە نیشتمانییەكان و ئەو شتانەی پەیوەندی بە قوتی خەڵك و خاكەوە بێت وەك خۆمان هیچ سازشێكی لەسەر ناكەین، دوو تێڕوانینی جیاواز هەیە بۆ مامەڵەكردن، بەڵام هیوادارین ئەم دوو تێڕوانینە دەرەنجامێكی هەبێت و لە دوای هەڵبژاردن قازانجێك بگەیەنێت و لە گفتوگۆ و دانوستانەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێدا پێگە و سەنگی كورد بگەڕێنینەوە بۆ شوێنی خۆی".
بەرپرسەكەی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان كە هاوكات ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە، باس لە گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی عێراق دەكات لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا و دەڵێت "ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری گەورە بەسەر نەخشەی سیاسی عێراق دەهێنێت، ئەوەش لەبەر ئالیەتی هەڵبژاردنەكە و نیزامی هەڵبژاردنەكە و هاوكێشە سیاسییەكان كە لە عێراق و ناوچەكەدا هەیە، بۆیە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان جارێك دیار نییە، پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو كە جۆرێك لە سەقامگیری بەتایبەت بۆ هێزە شیعییەكان هەبوو كە كورسییەكانی زۆر بەدەست بهێنن، بەم هۆیەشەوە پێكهێنانی حكوومەتی ئەمجارەی عێراق كاتی دەوێت و پێی دەچێت، بە هۆی ئەوەی كۆمەڵێك ئەجێندای جیاواز هەیە لە ئیدارەدانی عێراق، دواتر پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان بە هۆی رووداوەكانی ئەم دواییەی 16ە ئۆكتۆبەرەوە".
زمناكۆ جەلال جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان بەرنامەی سیاسی خۆی راگەیاندووە و لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن و دەركەوتنی ئەنجامەكان قسەی خۆی دەبێت و گوتی: "ئێمە خۆمان وەك هێزی جێگرەوە خستووەتەڕوو لە دوای هەڵبژاردنیش دەست رادەكێشین بۆ هەموو هێزەكانی تر وەك مەرجەعێك تا لە دەوری بەرنامەیەك كۆببینەوە و ئەوانەی یەكێتی و پارتی بە هۆی سەركێشییەكانیان لەدەستیانداوە بتوانین بیانگێڕینەوە لە خاك و سەروەت و دەسەڵات".
ئەو هەروەها گوتی: "هەموو پۆستەكان لە بەغدا بە پۆستە باڵاكانیشەوە ئەگەرێكە و نەخشەی سیاسی دیاری دەكات، ئەگەر نەخشەی سیاسی گۆڕانكاری بەسەردا بێت ئەوكات بزووتنەوەی گۆڕان تەماشاكار نابێت و دانانیشێت سەیری دەستی یەكێتی و پارتی بكات، ئەوان دەبێت باجی ئەوە بدەن كە بەسەر هەرێمی كوردستانیان هێنا، ئەوكاتەش بزووتنەوەی گۆڕان بە ئەجێندایەكی نوێ دەچینەوە بەغدا و هیچ پۆستێكیش موقەدەس نییە لەسەر هیچ هێزێك".
بزووتنەوەی گۆڕان دوای دامەزراندنی لە ساڵی 2009 لە دوو خولی پێشووی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداریكردووە و لە خولی ئێستادا، 9 كورسی هەیە.