Dildar Baykan Atalay
20 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2022
واشنتۆن - AA
خاوەنی نوێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، ئیلۆن ماسک رایگەیاند، هەژماری تویتەری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دووبارە دەکرێتەوە کە دوای هێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە شەشی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ داخرابوو.
ئیلۆن ماسک لە ١٨ی ئەم مانگە لە تویتەر، لەژێر ناونیشانی "ئایا ئەکاونتی ترەمپ بگەڕێتەوە؟" دەستی بە راپرسییەک کرد.
لە میانی راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەکەدا، ماسک رایگەیاند کە لەسەدا ٥٢ی بەکارهێنەران دەنگیان بە "بەڵێ" داوە.
ماسک لە پەیامێکدا نووسیوویەتی: "خەڵک دەنگی داوە، (هەژمارەکەی) ترەمپ دەگەڕێتەوە" و دەستەواژەی لاتینی "Vox Populi, Vox Dei"ی کە بە واتای "دەنگی گەل، دەنگی خودایە" دێت بەکارهێناوە .
تویتەر رایگەیاند کە لە نۆی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە هەژماری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ترامپ بۆ هەمیشە راگرتووە.
تیمی ئەمنی تویتەر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردبووەوە: "دوای ئەوەی بەوردی لێکۆڵینەوە لە پەیامەکانی ئەم دواییەی ترەمپ و ئەو کاردانەوانە کرا کە بەهۆی ئەو پەیامانەوە هاتنە کایەوە، بەهۆی مەترسی هاندانی توندوتیژی زیاترەوە، ئەم هەژمارەمان بۆ هەمیشە راگرت".