جيهان

هەولێر.. کۆنفڕانسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی

مەحمود حاجی ساڵح: "تا ئێستا دوو هەزار و ٣٦ دۆسیەی تاوانی توندوتیژی سێکسی لە دەستەکەمان تۆمارکراوە دژ بە توندوتیژی بەرامبەر بە کچان و ژنانی کوردی ئێزدی کە هەزار و ٥٢ کەسیان لە سەروو تەمەنی ١٨ ساڵییەوەن و ٩٨٤ کەسیش لە خوار ئەو تەمەنەن".

Hemin Hüseyin  | 25.06.2018 - نوێکردنەوە : 25.06.2018
هەولێر.. کۆنفڕانسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی

Arbil

هەولێر-AA

بە بۆنەی رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لەکاتی ململانێدا، لەهۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بە بەشداری ژمارەیەک نوێنەری ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، کۆنفڕانسێک لەژێر ناونیشانی (شکۆمەندی ژنانی رزگاربوو دەپارێزین لەگەڵ گەڕانەوەی ماف و بەهاکان بۆ لەدایکبووانی توندوتیژی سێکسی لەکاتی جەنگدا) بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمانی کوردستان، پەخشان زەنگەنە گوتی: "ئەم کۆنفڕانسە بۆ دیاریکردنی رێوشوێنێکی زانستی و دەروونی فرە لایەنە کە ھەموو وڵاتانی جیھان و ئاژانسەکان و حکوومەتە جۆراوجۆرەکان بەشداری تیادا دەکەن و ئامانجیش لێی خزمەتکردنی ئەو قوربانییانەیە کە لە ئەنجامی ململانێکان کەوتوونەتەوە".

هەر لە کۆنفڕانسەکەدا، پەخشان زەنگەنە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە دووەم کۆنفرانسی لەم جۆرەیە لە کوردستان ساز دەکرێت و ھەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە کۆمەڵگادان نەک ھەر ئەوانەی کە لە ژێر دەستی گرووپە توندڕەوەکاندابوون، بەڵکو بوونی یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەری ناوخۆ و دەرەوەی عیراق و لەدایک بوون لە رەوشێکی ناسروشتیدا، بەشێکی دیکەی ئەو قوربانیانەن کە دەبێت رێوشوێنی گونجاویان بۆ دیاری بکرێت.

هەر لە کۆنفڕانسەکەدا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، مەحمود حاجی ساڵح گوتی: "لە رێگای دەستەی لێکۆڵینەوەی و کۆکردنەوەی بەڵگەکان سەر بە لیژنەکەمان لە دهۆک، توانیوویانە تا ئێستا چوار هەزار و ٢٠٦ دۆسیە تۆمار بکەن کە لەو ژمارەیەش، هەزار و ٧٧٨ دۆسیە لێکۆڵینەوەیان تەواو بووە و ئامادەکراوە بۆ دادگا، هەروەها دوو هەزار و ٤٢٨ دۆسیەش لە ژێر لێکۆڵینەوەیەدا و هێشتا تەواو نەبووە و لە کۆی ئەو دۆسیانەی کە لێکۆڵینەوەیان تیادا تەواو بووە، هەزار و ١٩١ دۆسیەیان تایبەت بووە بە ژنان و کچان، جگە لەوەی کە دوو هەزار و ٤٩٥ کەسی ونبوو تۆمارکراوە کە ٨٤٥ کەسیان لە رەگەزی مێینەن، تا ئێستاش دوو هەزار و ٣٠٣ کەس لە کۆی ونبووان هیچ زانیارییەکییان نییە".

مەحمود حاجی ساڵح گوتیشی: "تا ئێستا، دوو هەزار و ٣٦ دۆسیەی تاوانی توندوتیژی سێکسی لە دەستەکەمان تۆمارکراوە دژ بە توندوتیژی بەرامبەر بە کچان و ژنانی کوردی ئێزدی کە هەزار و ٥٢ کەسیان لە سەروو تەمەنی ١٨ ساڵییەوەن و ٩٨٤ کەسیش لە خوار ئەو تەمەنەن".

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، کوردە عومەر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەتوانین بڵێین کە حاڵەتی توندوتیژی سێکسی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام رەنگە تۆمارکردنی سکاڵا ئاسان نەبێت و خەڵک ئامادەنییە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو حاڵەتە سکاڵا تۆمار بکات، بۆیە ساڵانە لە ١٠٠ تا ١٢٠ حاڵەت لە هەرێمی کوردستان تێپەڕ نابێت، بۆیە لەسەر دەزگاکانی راگەیاندن و دەزگاکانی دیکە پێویستە کە ساڵانە هەڵمەتێک ئەنجام بدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو حاڵەتە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın