Dlshad Saifaalddin Ahmed
12 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2017
سلێمانی - AA
لە نێوەندی دەشتی شارەزوور و لە نزیك شارۆچكەی عەربەت (20 كلم باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) فڕۆكەخانەیەكی بچووكی كشتوكاڵی هەیە كە ساڵی 2005 لەسەر رووبەری 90 دۆنم زەوی كشتوكاڵی بۆ مەبەستی خزمەتگوزاری كشتوكاڵی دروستكراوە، بەڵام لە ئێستادا فڕۆكەخانەكە پەرەی پێدراوە و بۆ بواری راهێنان و وەك ئەكادیمیایەكی فڕۆكەوانی بەكاردێت كە ئەوەش بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان ئەكادیمیایەكی لەوشێوەیە دەكرێتەوە.
لە ئێستادا چەندین فێرخواز لەو ئەكادیمیایە كە ئەكادیمیایەكی ئەهلی تایبەتە سەرقاڵی وانەی تیۆری و پراكتیكین لەسەر بوارەكانی فڕۆكەوانی و ئەندازیاری چاكکردنەوەی فڕۆكە و بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا یەكەم خولی فەرمی ئەكادیمیاكە دەست پێ بكات، راهێنەرانیش كەسانی شارەزای بیانین كە چەندین ساڵە لەو بوارەدا كاردەكەن.
ئەكادیمیای فڕۆكەوانی بازرعە لقی چوارەمی ئەكادیمیای بازرعەی یەمەنییە كە لە ساڵی 2016 لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، ئامانجی سەرەكی كردنەوەی ئەكادیمیاكەش كردنەوەی خولی مەشق و راهێنانە بۆ فێربوونی فڕۆكەوانی و پێگەیاندنی ئەندازیاری فڕۆكەوانی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان.
لەناو فڕۆكەخانەكدا چەند فڕۆكەیەكی بچووك هەیە كە رۆژانە فێرخوازان لەسەر ئەو فڕۆكانە مەشق و راهێنان دەكەن و وانە تیۆری و پراكتیكییەكان دەخوێنن.
سەردار سابر سۆفی بەڕێوەبەری گشتی ئەكادیمیاكەیە کە پێشتر لە وڵاتی ئەڵمانیا بووە و خەونی دامەزراندنی ئەكادیمیایەكی لەو شێوەیەی لە هەرێمی كوردستان هەبووە، تا دواتر لە ساڵی رابردوودا بەهاوكاری چەند ئەكادیمیایەكی بیانی خەونەكەی هێنایە دی و ئەكادیمیاكەی كردەوە.
سەردار سۆفی لەو بارەیەوە بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "دامەزراندنی ئەم ئەكادیمیایە بەهۆی ئەوەوە بوو كە ئاسمانی ئێمە پەراوێزخراوە لە كاتێكدا ئاسمان ئابوورییەكی گەورەیە و پێویستە بەكار بهێنرێت، ئەوەش زانستێكی تازەیە و هەموو كەس ئارەزووی لێخوڕینی فڕۆكەی هەیە".
ئەو باس لەوە دەكات سەرەتا لەگەڵ ئەكادیمیای بازرعەی یەمەنی رێكکەوتووە بۆ كردنەوەی لقێكی ئەكادیمیاكە لە هەرێمی كوردستان ، دواتر دوای هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆر لە بەغدا توانراوە مۆڵەتی كردنەوەی ئەكادیمیاكە لە پارێزگای سلێمانی وەربگرن .
بەڕێوەبەری ئەكادیمیاكە گوتی: "گرنگی كردنەوەی ئەم ئەكادیمیایە لەوەدایە جیهانێكی تازەیە لە هەرێمی كوردستان و دەرگایەكی ترمان لەگەڵ دنیای دەرەوە بۆ دەكاتەوە".
ئەو ئاماژە بەوەش دەكات، ئەكادیمیایەكە دوو بەشی سەرەكی لەخۆ دەگرێت (فڕۆكەوانی، ئەندازیاری فڕۆكەوانی) لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو بەڕەسمی دەست بەخولەكان دەكەن، هەر خولێك ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت، پێویستە فێرخوازان دەرچووی قۆناغی شەشی ئامادەیی بن و تەمەنیان لە 25 ساڵ زیاتر نەبێت، ئەوانەشی كە ناوی خۆیان تۆماركردووە لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە هاتوون.
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت، نەورۆ عەبدولقادر كە وەك ئەندازیاری راوێژكاری فڕۆكەوانی لە ئەكادیمیاكە وانە بە فێرخوازان دەڵێتەوە، ئاماژە بەوە دەكات سەرەتا فڕۆكەخانەكەیان بۆ بواری خزمەتكردنی كشتوكاڵی دەشتی شارەزوور كردووەتەوە، بەڵام دواتر بیریان لەوە كردۆتەوە زیاتر پەرە بەفڕۆكە خانەكە بدەن و ئەكادیمیایەكی فڕۆكەوانی بكەنەوە.
ئەو گوتی: "فڕۆكەخانەكە تاكە فڕۆكەخانەی بچووكە لە عێراقدا كە بڕوانامەی فەرمی بەدەست هێناوە بۆ بواری تایبەت ، ئەوانەی لێرە وەك راهێنەر كار دەكەن ئەزموونی باشیان هەیە و دەتوانرێت لە ماوەی سێ ساڵدا فێرخوازان بكەنە فڕۆكەوان".
سەرپەرشتیاری ئەكادیمیاكە باس لەوە دەكەن، پێشتر فێرخوازان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بینینی خولی مەشق و راهێنانی فڕۆكەوانی دەچوونە وڵاتانی دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستانەوە دەتوانن ئەو خولانە ببینن و كەسانی ئەكادیمی بەتوانا بۆ فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان پێبگەیەنن.