Ömer Tuğrul Çam
06 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2022
بڕۆکسل – AA
هێزی ئاشتیپارێزی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ (KFOR) دوای ئەوەی بەهۆی ناکۆکییەکان لەبارەی بەکارهێنانی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە کۆسۆڤۆ، سربییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت کشانەوە گرژییەکان تەشەنەیان سەند، داوا دەکات ناکۆکییەکان لە رێگای دیالۆگی بونیادنەرانەوە چارەسەر بکرێن.
هێزی ئاشتیپارێزی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە نزیکەوە چاودێری رەوشەکە دەکەن، ئاماژەی بەوە داوە کە بەمەبەستی بەردەوامیدان بە کەشێکی ئارام بۆ هەموو کەس لە کۆسۆڤۆ، جگە لە حکوومەتی کۆسۆڤۆ و سربیا لەگەڵ تەواوی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوامی دەدەن بە هەماهەنگی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دیالۆگی بونیادنەرانە ئەنجام بدەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. تێڕوانینەکانتان بە ئاشتیخوازانە بخەنە روو و بە دوای چارەسەریدا بگەڕێن!".
بەکارهێنانی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە کۆسۆڤۆ لەم چەند مانگەی دواییدا گرژی لێ کەوتووەتەوە.
وەک دوا کاردانەوەیش سربییەکانی کۆسۆڤۆ لە بەرامبەر بڕیاری حکوومەتی کۆسۆڤۆ بۆ گۆڕینی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی ئەو سربییانەی لە دامەزراوە حکومییەکان کار دەکەن بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلی "کۆماری کۆسۆڤۆ"، سربییەکان لە حکوومەتی ناوەندیی و دامەزراوە خۆجێیەکان کشانەوە.
- گرژییەکانی نێوان سربیا و کۆسۆڤۆ
بڕیاری حکوومەتی کۆسۆڤۆ لە کۆتایی مانگی تەمووز کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوەبوو "فۆرمی کاتی بەو کەسانە دەدرێت کە بە ناسنامەی سربیا هاتوچۆ بۆ کۆسۆڤۆ دەکەن" و "تابلۆی ئۆتۆمبێلی سربییەکان دەگۆڕدرێت بە تابلۆی ئۆتۆمبێلی کۆماری کۆسۆڤۆ" ناڕەزایەتی ئەو سربییانەی بەدوای خۆیدا هێنا کە لە کۆسۆڤۆ دەژین و سربییەکان تێپەڕین بە سنوورەکانی باکووری کۆسۆڤۆیاندا داخستو گرژییەکان تەشەنەیان سەند.
حکوومەتی کۆسۆڤۆ بە مەرجی هەڵگرتنی تەواوی بەربەستەکانی بەردەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ سربیا، جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بۆ یەکی ئەیلوول دواخست.
وەک دوا کاریش لایەنی کۆسۆڤۆ بڕیاری دا، پرۆسەی تۆمارکردنەوەی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان کە بە "نایاسایی" لەقەڵەمی دەدات بۆ نیسانی ٢٠٢٣ دوا بخات و ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەتا هۆشداری دەدەن بە خاوەن ئەو ئۆتۆمبێلانە، دواتر سزایان بەسەردا دەسەپێنن و دواجاریش ژمارەی تابلۆی تاقیکاریی بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەبەسترێت.