Muhammet Ali Kemal
04 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2017
واشنتۆن - AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جەیمس ماتیس وێڕای ئەوەی هۆشدارییەکی توندی دایە کۆریای باکوور، ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر بێت و ئەو وڵاتە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا یان هاوپەیمانانی، ئەوا وەڵامێکی زۆر توندی سەربازیی" دەدەنەوە.
جەیمس ماتیس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە باخچەی کۆشکی سپی سازیکرد، هۆشداریی دایە کۆریای باکوور.
ماتیس رایگەیاند: ''ئەگەر بێت و هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی ئەمریکا، بە دوورگەی گوامیشەوە، یان بۆ سەر هاوپەیمانەکانمان دروست ببێت، ئەوا بە شێوەیەکی توند لەرووی سەربازییەوە وەڵام دەدەینەوە''.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەپێویستی زانی کۆریای باکوور پابەندی مەرجەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت و رایگەیاند: ''دەبێت کیم جۆنگ ئون، گرنگی بە دەنگی هاوبەشی ئەنجوومەنی ئاسایش بدات. هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە، لەبەرامبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکووردا یەکیان گرتووە و لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ئەو وڵاتە دەستبەرداری بەرنامە ناوەکییەکەی بێت. چونکە ئێمە نامانەوێت هیچ وڵاتێک بە تەواوەتی لەناوبچێت، ئەگەر بێت و پێویست بکات ناوی بهێنرێت، ئەو وڵاتە کۆریای باکوورە''.
جەیمس ماتیس جەختی لەوەکردەوە کە ئەمریکا ''زۆر بژاردەی سەربازیی'' لەبەرامبەر کۆریای باکووردا لەبەردەستدایە و لەوبارەیەشەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کۆدەبنەوە.