Vesna Besic,Lejla Biogradlija
10 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2021
سرێبرێنیتسا - AA
ئادمیر دەلیج، هونەرمەندێکی بۆشناخە و لەڕێی هونەری کاریکتێرەوە گوزارشت لە تراجیدیای کۆمەڵکوژی سرێبرێنیتسا دەکات.
دەلیج دەیەوێت ئەو هەشت هەزار و ٣٧٢ هاووڵاتییە بۆشناخە لەبیرنەچنەوە کە لەلایەن سەربازە سڕبییەکانەوە بێبەزەییانە کوژران.
ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە چوار ساڵ بەر لە ئێستا دەستی بە کێشانی وێنەکانی کۆمەڵکوژییەکە کردوە و رایگەیاند "لە سەرەتادا تەنها وێنەی ١١ی تەمووزم دەکێشا، دواتر بیرم لەوە کردەوە کە پێویستە قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەش لەیادنەکرێن، ئەوەبوو بڕیارمدا ١١ی هەموو مانگێک دەرباری کۆمەڵکوژییەکە وێنە بکێشم".
دواتر ئادمیر دەلیج وێنەکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردوەتەوە و پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە، تا ئێستاش ٥٠ وێنەی کێشاوە، ئامانجیشیەتی بە ئەندازەی ژمارەی قوربانیانی کارەساتەکە واتە هەشت هەزار و ٣٧٢ وێنە بکێشێت، تەنانەت ئەگەر تەمەنی خۆشی بەشی کێشانی سەرجەم وێنەکان نەکات هیواخوازە وێنەکێشێکی دیکە دوای ئەو درێژە بە کێشانی وێنەی کۆمەڵکوژییەکە بدات.
بڕیارە سبەی لە رێوڕەسمێکدا تەرمی ١٩ قوربانی دیکەی کۆمەڵکوژی سرێبرێنیتسا بەخاکبسپێردرێن.
کارەساتی کۆمەڵکوژی سرێبرێنیتسا کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم گەورەترین کارەساتی مرۆیی بوو لە کیشوەری ئەورووپا، لە تەمووزی ١٩٩٥دا لە شاری سرێبرێنیتسا-ی رۆژهەڵاتی بۆسنا روویدا و تیایدا لایەنی کەم هەشت هەزار و ٣٧٢ هاوڵاتی بۆشناخ لەلایەن سەربازە سڕبییەکانەوە کۆمەڵکوژ کران و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژران.
لە دوای شەڕ هەڵمەتی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەستیپێکرد و ساڵانە ئەو قوربانیانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا تەرمەکانیان دەدۆزرێتەوە، دوای ئاشکرا بوونی ناسنامەکانیان لە بەرواری ١١ تەمووزدا دەبرێنە گۆڕستانی گوندی پۆتۆچاری و لە رێوڕەسمێکدا بە خاک دەسپێردرێن.
بەو تەرمانەوە کە لەم ساڵدا دەنێژرێن، ژمارەی گۆڕەکانی ناو گۆڕستانەکە دەگاتە شەش هەزار و ٦٧١ کەس.