Gorana Jakovljevic,Lejla Biogradlija
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2021
سارایێڤۆ - AA
تەرمی ١٢ قوربانی جەنگ کە لە کاتی شەڕی ناوخۆی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا لە شاری برییەدۆر باکووری ئەو وڵاتە کوژراون لە ٢٠ی تەمووز و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەخاک دەسپێردرێن.
١٢ هاووڵاتییەکە دوای ٢٩ ساڵ لە کوژرانیان ناسنامەیان ئاشکرا کراوە و گەنجترینیان تەمەنی ٢١ ساڵ و بەتەمەنترینیان تەمەنی ٤٧ ساڵ بووە.
شەڕی ناوخۆی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئاداری ١٩٩٢ کاتێک سەرۆکی پێشووی ئاسایشی یوگۆسلاڤیا، سیمۆ درلیاشا کە بە رەچەلەك هاووڵاتییەکی سربی بوو لە شاری برییەدۆر هەزار و ٧٧٥ کارمەندی سربی ١٢ بنکەی پۆلیسی چەکدار کرد.
دواتر چەکدارە سربییەکان لە شەوی ٢٩ی نیساندا، کۆنترۆڵی شاری برییەدۆر-یان کرد کە ئەوکات زۆرینەی دانیشتوانەکەی بۆسنیی بوون.
لە ٢٣ی ئایاری ١٩٩٢دا، یەکە سربییەکان پەلاماری گوندەکانی نزیک شاری برییەدۆر-یان دا و سێ هەزار و ١٧٦ کەسیان کۆمەڵکوژ کرد کە ١٠٢ منداڵیشیان لەنێودا بوو.
دواتر سربییەکان لە ٣١ی ئایاردا لە رادیۆوە راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و فەرمانیان کرد هەر کەسێک سرب نەبێت ئاڵایەکی سپی بە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە هەڵواسێت و لەکاتی چوونە دەرەوەشدا، قوماشێکی سپی لە قۆڵی ببەستێت.
لەم رێگەیەوە ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە دیاریی کران کە سرب نەبوون و بران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، لەوێش رووبەڕووی کۆمەڵکوژی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی بوونەوە.
ساڵانە ئەو هاووڵاتییە بۆسنییانەی برییەدۆر کە تەرمەکانیان دەدۆزرێتەوە و ناسنامەیان دیاریی دەکرێت لە ٢٠ی تەمووزدا بە خاک دەسپێردرێن.