Muhammet Tarhan,Can Efesoy
24 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2025
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل بە بەرچاوی جیهانەوە بەو پەڕی توندیەوە بەردەوامە لە کۆمەڵکوژییەکان لە غەززە و، ڕایگەیاند: "زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە ڕێگە نادرێت بەچوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە. برسێتی نە چەکە نە کاڵای سەوداکردن، نە دەشتوانرێت وەک ئامڕازێکی سزا بەکاربهێندرێت".
هاکان فیدان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەرویج، ئێسپن بارت ئاید لە بینای وەزارەتەکەی لە ئەنقەرە، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی ساز کرد.

فیدان باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هاوتا نەرویجییەکەی تاوتوێی پێشهاتەکانی فەڵەستینیان کردووە و، ڕایگەیاند: "ئیسرائیل بە بەرچاوی جیهانەوە بەو پەڕی توندیەوە بەردەوامە لە کۆمەڵکوژییەکان لە غەززە. زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە ڕێگە نادرێت بەچوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە. برسێتی نە چەکە نە کاڵای سەوداکردن، نە دەشتوانرێت وەک ئامڕازێکی سزا بەکاربهێندرێت. پێویستە هەرچی زووە هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ پچڕان و بە بەردەوامی بگەیەندرێنە غەززە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ وڵاتێک لەسەرو یاسای نێودەوڵەتییەوە نییە و، ڕایگەیاند: "پێویستە ئیسرائیل هەرچی زووە کۆتایی بهێنێت بە کردەکانی کە پێشێلکارین بەرامبەر یاسا و مرۆڤایەتیی".
سەبارەت بە قوبرس، فیدان رایگەیاند: "جیهانی تورک بەگشتیی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی تورکی قوبرس. ئارامگرانە بەردەوام دەبین لە سیاسەتەکانمان لەم بارەیەوە".

گوتیشی: "پیلانگێڕی ئەوانەی دەیانەوێت نێوانمان لەگەڵ جیهانی تورک تێکبدەن سەرکەوتوو نابێت".