جيهان

نەتەوە یەکگرتووەکان: "نیگەرانین لە دۆخی نالەباری مرۆیی لە ئیدلب"

Sarmand Hameed  | 02.10.2021 - نوێکردنەوە : 02.10.2021
نەتەوە یەکگرتووەکان: "نیگەرانین لە دۆخی نالەباری مرۆیی لە ئیدلب"

United States

نيويۆرک - AA

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی نیشاندا لە دۆخی نالەباری هاووڵاتییانی سڤیل لە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا بە هۆی بۆردومانەکانی رژێمی ئەسەد و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جێگری گوتەبێژ بەناوی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرحان حەق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئەنجامدا.

فەرحان حەق گوتی: "هەست بە نیگەرانیی دەکەین لەسەر دۆخی نالەباری هاووڵاتیانیی سڤیل لە باکووری رۆژئاوای سووریا".

حەق گوتیشی: "پەلامارەکان و قەیرانی ئابووریی و کۆرۆنا دۆخەکەی قورستر کردووە".

ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتانەشی ئاشکرا کرد کە لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە بۆ سەر ئیدلب پێیان گەیشتووە و گوتی: "لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا هێرشە ئاسمانییەکان چڕتر بووتەوە و ئاماژە بە کردەی توتدوتیژیی نیمچە رۆژانە دەکرێت".

جێگری گوتەبێژ بەناوی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رەوشی کۆرۆناوە لەو ناوچەیەدا رایگەیاند: "هەست بەنیگەرانیی قوڵ دەکەین لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتی پۆزەتیڤ لە باکووری رۆژئاوای سووریا تۆمار دەکرێت".

ئاشکرایشی کرد کە تەنها لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا بەرێژەی لەسەدا ١٧٠ زیادی کردووە.

فەرحان حەق رایگەیاند: "بوونی ژمارەیەکی دیاریکراو لە ئامێرەکانی پشکنینی کۆرۆنا و کەمی ئۆکسجین کێشەن، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا کەمتر لەسەدا سێی دانیشتووانی باکووری رۆژئاوای سووریا ڤاکسینیان وەرگرتووە".

لەبارەی رەوشی کەمپەکانی سووریاشەوە، فەرحان حەق گوتی "٦.١ ملیۆن کەس لە کەمپە قەرەباڵغەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا بارگرانیی زیاتر دەخاتە سەر سیستەمی تەندروستیی".

حەق گوتیشی: "لەسەدا ٩٧ دانیشتووانی باکووری رۆژئاوای سووریا لە هەژارییدا دەژین و پشت بە یارمەتییە مرۆییه‌كان لە خۆراک، دەرمان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە دەبەستن".

لە ئایاری ٢٠١٧دا، هەریەک لە تورکیا و رووسیا و ئێران لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئاستانا لەبارەی پرسی سووریا گەیشتنە رێکەوتن لەسەر دروستکردنی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب.

وێڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە پێنجی ئاداری ٢٠٢١دا، بەڵام هێزەکانی رژێمی سووریا و پشتیوانانی ناو بەناو هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچەیە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın