لاگۆس
بەپێی روونکردنەوەیهكی سوپای نێجیریا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکراوەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی ھێزەکانی سوپای نێجیریا بۆ سەر چەکدارانی بۆکۆحەرام لە شاری کۆندوگای سەر بە ویلایەتی بۆڕنۆ لە باکوری رۆژھەڵاتی نێجیریا کە ژمارەیەک چەکدار خۆیان تێدا حەشاردا بوو، ٥٠ چەکدار و ٣ سەرباز کە یەکێکیان ئەفسەرە کوژران.
لە روونکردنەوەکەدا ھاتووە: "لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چەندین جۆری تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشدا گیراوە."
لە لایەکی دیکەوە راگەیەنرا کە شاری جۆڵاکی سەر بە ویلایەتی ئاداماوا لە رۆژھەڵاتی نێجیریا کەوتوەتە ژێر کۆنتڕۆڵی رێکخراوی بۆکۆ حەرام.
سکرتێری حکومەتی نێجیریا لیمان توکار لە بەیاننامەیەک دا ئاشكرایكرد كه زانیارییان پێگەیشتووە چەکدارانی بۆکۆحەرام گەیشتوونەتە شاری جۆلتا و بەدەیان مرۆڤیان کوشتووە و ژمارهیهكی زۆری خهڵكیشیان له شوێنهكانیان دهركردووه."
لە بەیاننامەکەدا توکار ئاماژەی بهوه كردووە كه سەرجەم ھاوکارییەکان بۆ خەڵکی جۆلاک و سنوری دەورووبەری لهلایهن حكومهتهوه دابین دهكرێت.