بەرلین
دوای داگیرکردنی شاری موسڵ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بەھۆی ئەو رێ و شوێنه وەحشییانەی کە لە لایەن تیرۆریستانەوە پەیڕەوکرا و بە ھۆی ئەو ترسەی خستییە نێو دڵی خەڵکی ناوچەکەوە، پرسی تیرۆریستە رۆژئاواییەکان ئەوانەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کاری تیرۆریستی دەکەن، کەوتە رۆژەڤی جیھانەوە و لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی ئەو تیرۆریستانەوە راپۆرتێکی بەرفراوانی ئاماده كردووه کە پێکھاتووە لە لێدوانی بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوایی، کەسانی پسپۆڕ و ناوەندە ستراتیژییەکان و به چهند بهشێك دادهبهزێت.
تیرۆریستانی داعش کە لە سوریا لە دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پشتگیری لە رژێمی بەشار ئەسەد دەکەن، لە عێراق بە ھەزاران کەسی مەدەنییان کوشتووە، بەشێکی زۆری ئەو تیرۆریستانە رۆژئاوایین و لە وڵاتانی فهڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیاوە ھاتوون.
لە فهڕەنسا کە رێژەیەکی زۆر پەنابەری موسڵمان تێیادا دەژین، نزیکەی ٩٠٠ تیرۆریست، لە بەریتانیا ٥٠٠ تیرۆریست و لە ئەڵمانیایش ٤٠٠ تیرۆریست ھاتوونەتە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەشدارییان لە رێزەکانی تیرۆریستانی داعش کردووە.
بە پێی راپۆرتی کۆمپانیای سۆوفان گروپ کە لە بارەی بارودۆخی ئەمنییەوە لێکۆڵینەوە دەکات، زیاتر لە دوو ھەزار و ٥٠٠ تیرۆریست لە وڵاتانی رۆژئاواوە ھاتوونەتە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی زۆری ئەو تیرۆریستانە لە نێوان ١٨ تا ٢٩ ساڵیدان.
ئەو تیرۆریستانە بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە راھێنانێکی سەربازییان بۆ بکرێ روانەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکرێن و بەشێکی زۆریان موسڵمان نین و كاتێك چوونەتە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوون به موسڵمان.
ئەو تیرۆریستە رۆژئاواییانەی کە ژمارهیان بە ھەزاران کەسە و روویان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووە، سەرەڕای جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی ئایین، ھاوکات دەستیان بە ھاوکاریکردنی ئەو گروپە توندڕەوە چەکدارییانە کردووە کە لێیانەوە نزیکن.
پۆلیسی ئەوروپا لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ی خۆیدا لە بارەی تیرۆریزمەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی ئەو تیرۆریستە رۆژئاواییانەی بۆ شەڕ دەچنە سوریا، رۆژ دوای رۆژ لە زیادبووندایە، تا ئەو کاتە شەڕی ناوخۆیی سوریا بەردەوام بێ ئەوا لە ئەوروپاوە ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست ھەوڵ بۆ رویشتن بۆ ناوچەکە دەدەن و بەو جۆرە ھەڕەشەکانی شەڕی ناوخۆیی سوریا بۆ سەر ئەوروپا دوو ئەوەندە زیاتر دەبن، چونکە ئەو تیرۆریستە ئەوروپییانەی کە چوونە ناوچەکە، لەکاتی گەڕانەوەیان دەبنە مەترسی بۆ سەرانسەری ئەوروپا.
لە ئەڵمانیا کە زیاتر لە پێنج ملیۆن موسڵمان تێیادا دەژین، بە پێ ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە ٤٠٠ كهسی موسڵمانی ئەڵمانی چوونەتە نێو تیرۆریستانی داعشەوە و ١٠٠ لەو کەسانە گەڕانەوتهوه. تهمهنی زیاتر له نیوەی ئەو کەسانە لە ژێر ٢٥ ساڵیدایه، ئەو کەسانە بەھۆی ئەو راھێنانە سەربازییەی کە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆیان ئەنجامدراوە، دەبنە دەرفەتی زۆر باش بۆ داعش.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا باسی ئەوە دەکات کە لە سەرانسەری ئەوروپا زیاتر لە دووھەزار تیرۆرست روویان لە سوریا و عێراق کردووە و بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان بە سەدان لەو تیرۆریستانەی لە ئەوروپاوە چوونەتە سوریا و عێراق لە شەڕەکاندا کوژراون، ھەندێکیان گەڕاونەتهوە و حاڵی حازر لە دژی توندوتیژین.
ئیستیخباراتی ئەڵمانیا بە چاوی ھەڕەشە سەیری ئەوانە دەکا کە لە بەرەکانی شەڕەوە گەڕانەوە بۆیە ئیستیخباراتی ئەڵمانیا دەستی بە چاودێریکردنیان كردوه و ھەوڵ بۆ رێگریکردن لە رۆیشتنی کەسانی دیکە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەدات.
بە پێی ئامار و راپۆرتە فهرمییهكان ژمارەی ئەو کەسانەی لە فهڕەنساوە چوونەتە عێراق و سوریا ٩٠٠ کەسە و لەوانە تەنیا ٣٣٢ کەسیان چوونەتە سوریا و ١٠٠ لەو کەسانە گەڕاونەتەوە.
بەشێکی زۆری ئەو تیرۆریستانە پیاون، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو ئافرهتانهی کە روو لەو ناوچانە دەکەن لە زیادبووندایە و دوو لەسەر سێی تیرۆریستە بیانییەکانی سوریا و عێراق خهڵكی فهڕەنسان و سەدا ٢٠ی ئەو تیرۆریستانە دواتر بوونەتە موسڵمان. بەشێکی زۆری ئەوانەی چوونەتە نێو داعشەوە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە رێگای ئینتهرنێتەوە پڕوپاگندە بۆ داعش دەکەن.
حکومەتی فهڕەنسا بۆ وەرگرتنی رێوەشوێنی توندی ئەمنی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی چوونەتە نێو داعشەوە، ھەنگاوی زۆر گرنگ دەنێ. ئەو یاسا نوێیەی کە بۆ رێگریکردن لە رویشتنی تیرۆریستان بۆ سوریا و عێراق دەرکراوە، دەبێتە ھۆی بەھێزتر کردنی یاسای دژە تیرۆری ھەنوکەیی لە فهڕەنسا و لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا، دەست بە سەر پاسپۆرتی ئەو کەسانەدا دەگیردرێ کە گۆمانیان لێ دەکرێ سەردانی سوریا یان عێراق بکەن و بۆیان نییە سنورەکانی ناوچەی شەنگەن تێبپەڕێنن و ئەوانەی گوێ بهو یاسایە نادەن و ھەوڵ بۆ رویشتن بۆ سوریا و عێراق دەدەن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەر دەکرێت.
لە لایەکی دیکە بۆ کۆنترۆڵکردن و لهناوبردنی پڕوپاگەندەکردن بۆ گروپە توندڕەوەکان، لە فهڕەنسا چاودێری و کۆنترۆڵی تەکنیکی لەسەر ئینتهرنێت فراوانتر دەکرێت.
بە پێی ئامار و راپۆرتە فهرمییهكان، ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە بەریتانیاوە چوونەتە سوریا و عێراق نزیکەی ٥٠٠ تیرۆریستە، بەڵام چەند پسپۆڕ و چاودێری سیاسی باسی ئەوە دەکەن کە ئەو ژمارەیە زیاترە لە ٧٥٠ تیرۆریست و ئەو تیرۆریستەی کە سەری رۆژنامەنووسی ئەمریکی جەمیس فۆلی بڕیوە، تیرۆریستێکی بەریتانییە.
حکومەتی بەریتانیا دەستی بە وەرگرتنی رێوەشوێنی توندی ئەمنی بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئەو تیرۆریستانە بۆ بەریتانیا کردووە کە چوونە سوریا و عێراق و لەو چوارچێوەیەدا دەسەڵات بە پۆلیس دراوە دەست بە سەر پاسپۆرتی ئەو تیرۆریستانەدا بگیرێ کە لە عێراق و سوریاوە گەڕاونەتەوە بۆ بەریتانیا، مامۆستایان و پیاوانی ئاینییش لە بەریتانیا پێشتر بۆ رێگریکردن لە رۆیشتنی گەنجە موسڵمانەکان بۆ عێراق و سوریا، فهتوایەکیان دەرکردبوو و ئاماژەیان بەوە دابوو کە ئایدۆلۆژیای داعش ئایدۆلۆژیایەکی ژەھراوییە.
بەلژیکا بە كه رێژهی دانیشتوانهكهی ١١ ملیۆن كهسه، یەکەم وڵاتی ئەوروپایە کە ژمارەیەکی زۆری خهڵكی ئەو وڵاتە چوونەته سوریا و عێراق. بە پێی لێدوانی وەزارەتی ناوخۆی بەلژیکا لە سەرانسەری ئەوروپا زیاتر لە دوو ھەزار تیرۆریست چوونەتە سوریا و عێراق و زیاتر لە ١٥٠ی ئەو تیرۆریستانە له بەلژیکاوه چوون.
بۆ رهوانەی کردنی تیرۆریستان بۆ سوریا و عێراق لە بەلژیکا، رێکخراوی شەریعە چواری بەلگیوم کە ساڵی ٢٠١٢ خۆی ھەڵوەشاندۆتەوە، رۆلێکی گرنگی ھەبووە. پۆلیسی بەلژیکا بە بیانووی ئەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستی کۆکردۆتەوە و روانەی سوریای کردوون، چەندین جار ئۆپەراسیۆنی لە دژی ئەو رێکخراوە ئەنجامداوە و بەدەیان ئەندامی ئەو رێکخراوەی دەستگیر کردووە.
ھەشت وەڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە پێشەنگی بەلژیکا کۆببوونەوە بۆ رێگریکردن لە رۆیشتنی ئەو تیرۆریستانە بۆ سوریا و عێراق، چەندین رێوشوێنیان گرتبووە بەر.
ھۆڵەنداش یەک لەو وڵاتانەی ئەوروپایە کە ژمارەیەکی زۆر لە خهڵكی ئهوێ وەک تیرۆریست روویان لە سوریا و عێراق کردووە. بە پێی ئاماری ئیستیخبارات و دەزگا ئەمنییەکانی ھۆڵەندا زیاتر لە ١٣٠ ھاووڵاتی ھۆڵەندا بۆ بەشداریکردن لەشەڕ چوونەته سوریا و عێراق و ٣٠ لەو تیرۆریستانە دوای ماوەیەک گەڕانەوە بۆ ھۆڵەندا و ١٤ لە وتیرۆریستانەش لە شەڕە جیاجیاکاندا کوژراون.
زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم رۆژانەی دواییدا لە ھۆڵەنداوە بەرەو سوریا و عێراق رۆیشتوون، بۆتە ھۆی نیگەرانی حکومەتی ھۆڵەندا. حکومەت سەرەتا وەکو یەکەم ھەنگاو دەستی بە سەر پاسپۆرتی ئەو کەسانەدا گرت کە بەنیازبوون سەردانی سوریا وعێراق بکەن، بەڵام حاڵی حازر گۆڕانکارییەکی توندی یاسایی ئەنجامدراوە و حکومەت بە ھەموو توانای خۆیەوە ھەوڵ بۆ رووبەروو بوونەوەی رادیکالیزم و ئەو کەسانە دەدا کە دەیانەوێ بچنە سوریا و عێراق. یەک لەو گۆڕانکارییە یاساییانە بێبهشكردنی ئەو تیرۆریستە ھۆڵەندییانەیه لە مافی ھاووڵاتیبوون.
لە وڵاتی ئوستورالیاش نزیکەی ١٣٠ تیرۆریست چوونەتە سوریا و عێراق. بە پێی ئاماری دەزگا ئەمنییەکانی ئوستورالیا ٢٠ لەو تیرۆریستانە گەڕاونەتەوە و بەشێکی دیکەیشیان لە شەڕە جیاجیاکاندا کوژراون.
ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە دانیمارکەوە روویان لە سوریا و عێراق کردووە زیاتر لە ١٠٠ تیرۆریستە و ١١ لەو تیرۆریستانە لە شەڕەکاندا کوژراون و حکومەتی دانیمارک لە گەڕانەوەی ئەو تیرۆریستانە نیگەرانە کە لە سوریا لە رووی سەربازییەوە راھێنانیان بۆ کراوە و بوونەتە خاوەن ئەزموون.
پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی نوروێژیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ٥٠ تا ٦٠ كهسی نوروێژی وەکو تیرۆریست چوونەتە سوریا و عێراق و ٢٠ لەو تیرۆریستانە دووبارە گەڕاونەتهوه.
لە وڵاتانی باڵکان (بۆسنا و ھەرسەک، کۆسۆڤا، مەكدۆنیا و سربستانیش) پرسی رۆیشتنی خهڵك بۆ نێو داعش لە سوریا و عێراق بووەتە پرسی سەرەکی حکومەتی ئەو وڵاتانە و لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی کۆسۆڤا دەستی بە وەرگرتنی رێوەشوێنی زۆر توندی ئەمنی کردووە و مانگی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ سەر ئەو کەس و ناوەندانەی کە تیرۆریستیان بۆ سوریا و عێراق کۆ دهكردهوه، بە لایهنی کەم ٤٢ کەس دەستگیرکران و ماوەی دەستبەسەربوونی ئەو گۆمانلێكراوانهش بۆ یەک مانگی دیکە درێژکرایەوە. پێشتریش حکومەتی کۆسۆڤا ئاماژەی بەوە دابوو کە ١٦ كهسی وڵاتەكهیان لە ساڵی ٢٠١٢ لە سوریا کوژراون.
رۆژی سێی ئەیلوول لە بۆسنا و ھەرسەکیش ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا و بە تۆمەتی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ تیرۆریستان، ھاندانی خەڵک بۆ رۆیشتن بۆ نێو تیرۆریستان، کۆکردنەوەی ئەندام بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان و رێکخستنی گروپی تیرۆریستی، ١٦ کەس دەستگیرکران.
بە پێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە ئاڵبانیاوە نزیکەی ١٠٠ تیرۆریست چوونەتە سوریا و عێراق.
رویشتنی تیرۆریستان بۆ سوریا و عێراق یەک لە پرسە سەرەکییەکانی بەردەم حکومەتی مەقەدونیەیە.
news_share_descriptionsubscription_contact

