سياسەت, جيهان

نوری بریمۆ: "ئەمریکا و رووسیا لایەنگری سیستمی لامەرکەزیین بۆ سووریایەکی یەکگرتوو"

نوری بریمۆ: "جێمس جێفری بۆ دوو هۆکار لە ناوچەکەبوو، یەکەم بەهێزکردنی بەرەی ئەمریکا دژبە داعش لە رۆژهەڵاتی فورات، دووەم پێکهێنانی پێکەوەژیانێکی سیاسیی و سەربازیی لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە".

Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin  | 24.09.2020 - نوێکردنەوە : 27.09.2020
نوری بریمۆ: "ئەمریکا و رووسیا لایەنگری سیستمی لامەرکەزیین بۆ سووریایەکی یەکگرتوو"

Arbil

هەولێر - AA

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، جێمس جێفری گەڕێکی چڕی چەند رۆژەی لە سووریا و هەرێمی کوردستان بەڕێکرد و لە میانیدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی چڕی ئەنجامدا و بەپێی راگەیەندراوەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دیدارەکاندا "تاوتوێی ھەماھەنگی بەردەوام بۆ دڵنیابوونەوە لە لەناوبردنی یەکجارەکی داعش لە عێراق و سووریا و ھەوڵی بەردەوامی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش کراوە".

بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمى کوردستان، نوری بریمۆ دەربارەی دیدار و کۆبوونەوەکانی سووریا و بەتایبەت رۆژهەڵاتی فورات، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "سەردانەکەی جێمس جێفری بۆ باکووری سووریا و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەهێزکردنی بەرەی دژە داعشدا بوو، ئەنەکەسە، پەیەدە، عەشائیرەکان، کریستیان، ئەرمەنەکان و زۆر لایەنی دیکەی بینی، ئەمریکییەکان روونن لە ئیستانبوڵ و لە قامیشلۆ و لێرەش دەڵێن، مەبەستی سەرەکی ئێمە دوورخستنەوەی داعش و مەترسییەکانی داعشە".

نوری بریمۆ گوتی: "جێمس جێفری وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا خاڵێکی دیکەی سەردانەکەی، پیرۆزبایکردنی کۆشکی سپی بوو بۆ نزیکبوونەوەی لایەنە سەرەکییەکانی کورد لە سووریا لە یەکدی، ئەمریکییەکان خەریکن لە رۆژهەڵاتی فوراتدا بەرەی دژبە داعش دروست بکەن، دووەم دەیانەوێت پێکهاتە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی فورات، پێکەوەژیانێک پپکەوەبنێن، پێکەوەژیانێکی سیاسیی و سەربازیی و جێفری هاتووە بۆئەوەی بەرەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی فورات بەهێزبکات".

بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمى کوردستان، نوری بریمۆ راشیگەیاند "شتێک کە جێمس جێفری جەختی لەسەر کردەوە، بە ئێمەی گوت، یەکەم بەهێزکردنی بەرەی دژبە داعش، دووەم پیرۆزبایی لە یەکریزی ئێمە کرد، داواشیکرد لە رۆژهەڵاتی فورات ئێمە، عەشائیرە عەرەبییەکان، کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە پێکەوە رێککەوتنی نوێ بکەین چونکە رەنگە بەرەیەکی نوێ دروست ببێت، ئەمریکییەکان روون دەڵێن رژێمی سووریا شکستی هێناوە، چونکە ئەجێندای هەرێمیی زاڵە بەسەریاندا و ناتوانێت سووریا بکات بە یەک و ناتوانێت چارەسەرێکی سیاسیی لە سووریا بکات چونکە خۆی لایەنگرە".

نوری بریمۆ هەروەها گوتی: "لە رووی پشتیوانی دارایی و سەربازییەوە کە جێفری بەڵێنی دابێت تا ئێستا هیچ شتێک نییە، بەڵام ئەمریکا دژبە داعش هەر شتێک پێویست بێت دەیکات، وەک هاوکاری دارایی و سەربازیی".

بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمى کوردستان، نوری بریمۆ دەربارەی ئەوەی ئەمریکا لایەنگیری لە فیدرالییەت بۆ هەندێک ناوچە سووریا دەکات یان دژیەتی، رایگەیاند "ئەمریکا لایەنگری سووریایەکی یەکگرتووی لامەرکەزییە، ئەمریکا دژبە جیابوونەوە و پارچە پارچەکردنی سووریایە، تەنانەت رژێمی ئێستای سووریا تۆمەتبار دەکات کە سووریا پارچە پارچە دەکات، ئەمریکا پشتگیری سووریایەکی یەکگرتوو دەکات، بەڵام بەشێوەیەکی لامەرکەزی بێت یان فیدرالی، چونکە کە دەڵێیت فیدرالی جۆری زۆرە، لەوانەیە هەندێک کەس تێنەگەن رەنگە بڵێن تەواو بووین بەدەوڵەتێکی دیکە، ئێمە باسی کۆنفیدرالیمان نەکردووە، فیدرالییەت واتە تایبەتمەندی پێکهاتەکان هەبێت، تەنانەت ئێستا رژێمی سووریاش باسی لامەرکەزییەت دەکات، بەڵام ئەوەی ئەوان باسی دەکەن شتێکی محەلییە".

نوری بریمۆ گوتیشی: "جێمس جێفری بەتەنها بۆ بەرژەوەندی کورد و کوردایەتی نەهاتووە بۆ ئێرە، ئەو گرنگی پێدانی هەیە بۆ یەکریزی کورد، بەڵام ئیدی فیدرالی و نافیدرالی سووریا دەمێنێتەوە بۆ ئەو کاتەی چارەسەری سیاسیی بۆ سووریا دەکرێت، ئەگەر ئەوکات سووریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدرالی ئەوا کورد، عەلەوی و پێکهاتەکانی دیکەش داوای دەکەن، ئەمە بابەتێکە لە پاشەرۆژی سووریادا بڕیاری لەسەر دەدرێت".

بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمى کوردستان، نوری بریمۆ راشیگەیاند "لەم دواییەدا ئەمریکا و رووسیا وەک دوو ئەکتەری سەرەکی لەناو سووریا، هەردوولایان داوای لامەرکەزی دەکەن بۆ سووریا، چونکە دەبینن پێکهاتەکانی سووریا زۆرن کورد، عەلەوی، تورکمان، عەرەب، کریستیان و چەندانی دیکە ناکرێت وەک حوکمی بەعس بەڕێوەببرێت، چونکە حوکمی بەعس مەرکەزییەتێکی فاشل بوو".

گوتیشی: "جێمس جێفری بۆ دامەزراندنی فیدرالی کوردی نەهاتووەتە ئێرە، ئەو هاتووە بۆئەوەی بەرەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی فورات بەهێزبکات".

هێزەکانی کورد لە سووریا ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان سەرقاڵی دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی باڵای هاوبەشن لەنێوان خۆیاندا، ئەرکی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەبردنی ئیداری ئەو ناوچانە دەبێت کە لە سووریا لەژێر دەستیاندایە.

بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمى کوردستان، نوری بریمۆ دەربارەی ئەنجوومەنەکە رایگەیاند "بیرۆکەی ئەنجوومەنی باڵا کە لە رۆژئاوای کوردستان دروست بکرێت ئەمە پێشتر لە رێکەوتننامەی دهۆک-دا هەبوو، پێش چەند ساڵێک لە رێککەوتننامەی دهۆک-دا ئەم ئەنجوومەنە رێککەوتنی لەسەر کرابوو، ئەمەی ئێستاش هەمان شتە، ئەمە وەک بەردەوامیدان یان تەواوکاری رێککەوتننامەی دهۆکە، ئێستا بەڵێی لەسەر کراوە و لە زۆرنزیکدا رادەگەیەندرێت".

ئەنجوومەنەکە لەنێوان ئەنەکەسە، پەیەدە و هێزە سەربەخۆکاندا کورسییەکانی دابەش دەکرێت، بەپێی رێککەوتنەکە دابەشکارییەکەی بەو جۆرەیە لەسەدا 40 بۆ ئەنەکەسە لەسەدا 40 بۆ پەیەدە و لەسەدا 20 بۆ سەربەخۆکان دەبێت، بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمى کوردستان، نوری بریمۆ ئەمەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "ئەنجوومەنەکە 40 ئەندامی دەبێت، 16 بۆ پەیەدە و حزبەکانی نزیک لەوان، 16 بۆ ئێمە وەک ئەنەکەسە و هەشت ئەندامیش سەربەخۆ دەبن".

ئەو گوتیشی: "ئەنجوومەنەکە دەستەی باڵایە و دەبێتە فەرمانڕەوای ناوچەکە، هەموو بڕیارێکی سیاسیی لای ئەوانەوە دەردەچێت و دەبێتە ئیدارەی سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات بە هاوکاری و شەراکەتی عەشائیرە عەرەبەکان، ئەمە تا ساڵێک بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە ئەگەر هەماهەنگی دروست بێت هەڵبژاردن دەکرێت، دوای هەڵبژاردن کێ سەرکەوت ئەوە دەبێتە فەرمانڕەوای ناوچەکە".

نوری بریمۆ دەربارەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هێزە کوردییەکانی سووریا لەنێو خۆیاندا گوتی: "لایەنە کوردییەکان ئێستا پەیوەندیمان هەیە، بەڵام زۆر بابەت هەیە هێشتا ناکۆکی لەسەرە، بەڵام ئەو شتانەی ناکۆکیان لەسەرە چارەسەرەکەیان ئاستەم نییە، گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنیان هەیە، بۆ نموونە لەبواری سەربازییدا هێشتا رێککەوتنمان نییە پێشمەرگەی ئەنەکەسە و لەشکری رۆژ کەی بگەڕێنەوە، لەبواری خوێندندا هێشتا رێککەوتن نییە، لەبواری پەیمانی کۆمەڵایەتییدا و گەلێک شتی دیکە هەیە کە هێشتا لەسەری رێکنەکەوتووین".

نوری بریمۆ دەربارەی رۆڵ و کاریگەری هێزەکانی ئەنەکەسە و پێشمەرگەی رۆژ لە سووریادا رایگەیاند "ئێستا پێشمەرگەی رۆژ لە سووریادا هیچ رۆڵێکی نییە، ئەگەر هەماهەنگی دروست نەبێت ناچنەوە سووریا، ئەگەر هەماهەنگی نەبێت و بە ئامادەیی ئەمریکییەکان گرەنتی نەبێت لەشکری رۆژ ناگەڕێتەوە، بەڵام قسەی لەسەر کراوە کە بگەڕێنەوە، چونکە هێزێکی کوردە لە سووریا و کەسێکی بێگانەی تێدا نییە، هەموویان گەنجی ئێمەن خۆبەخشن بۆ ئەوە دروستبوون کە رۆژێک لە رۆژان بگەڕێنەوە سووریا و بەرگری لە خەڵکی خۆیان بکەن دژبە داعش و تیرۆر و بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد لە سووریا دامەزراون، لەشکری رۆژ تا هەماهەنگی نەبێت ناگەڕێتەوە چونکە ناچن بۆ شەڕ و یەکتری راونان".

گوتیشی: "هەرکات ئەنجوومەنەکە پێکهات، لەو ئەنجوومەنەدا گفتوگۆی لەبارەوەکرا کە لەشکری رۆژ کەی بگەڕێنەوە و لەکوێ دەبن و رۆڵیان چی دەبێت ئەوا ئەوکات دەگەڕێنەوە".

بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمى کوردستان، نوری بریمۆ دەربارەی دۆخی کورد لە سووریادا گوتی: "دۆخی کورد لە سووریا وەک هەموو خەڵکی سووریا وایە لە رووی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام کورد جیاوازییەکی هەیە تا ئێستا کورد وەک لایەنگری لایەک دەرنەکەوتووە، تا ئێستا کورد شیعارێکی دیموکراتیی نیشتمانیی هەیە لەگەڵ پارچەبوونی سووریادا نییە و لەگەڵ یەکریزی سووریادایە، ئەم شیعارەش رژێم پێی رازی نییە و ئۆپۆزسیۆنیش پێی رازی نییە، ئێمە وەک کورد لایەنگری دیموکراتین و باوەڕمان بە کوشتن، توندوتیژی، هێرشی چەکداری و چارەسەری سەربازیی نییە".

نوری بریمۆ گوتیشی: "لە ناوچە کوردییەکان تائیفییەت نییە و جیاکاری ناکرێت کە کێ کوردە و کێ عەلەوییە و کێ شیعەیە و کێ سوننەیە یان چ پێکهاتەیەکە، ئەمە بەدڵی رژێمیش نییە و بەدڵی ئۆپۆزسیۆنیش نییە، چونکە ئەوان دەیانەوێت تۆ تائیفی بێت، بەڵام ئێمە لە ناوچە کوردییەکان خۆمان لەمە بەدوور گرتووە، دەشزانین کە ئەم بۆچوونەی ئێمە کە پەیامی پێکەوەژیانە لە پاشەرۆژی سووریادا سەردەگرێت، چونکە ئێستا ئەمریکا، هەروەها رووسیاش بەڵێ بۆ ئەم بۆچوونە دەکەن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın