Ömer Tuğrul Çam
27 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2022
برۆکسل- AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەشێوەی نووسراو وەڵامی پێشنیازە ئەمنییەکەی رووسیایان داوەتەوە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: "ناتۆ بە شێوەی نووسراو وەڵامی پێشنیازەکەی رووسیای داوەتەوە و وەڵامدانەوەکەیشی هاوکات بووە لەگەڵ وەڵامەکەی ئەمریکا".
ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ناکۆکییەکان بە رێگای دیپلۆماتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و هاوپهیمانییهكه پێشنیازی ئەوەی کردووە کە نووسینگەی رێکخراوەکە لە مۆسکۆ و نووسینگەی رووسیا لە برۆکسل بکرێنەوە.
باسی لەوەش کرد کە پێشنیازی ئەوەیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان هێڵەکانی پەیوەندی سەربازیی بەتەواوی بەکاربهێندرێن و لە دەرەوەی ئەمە بۆ دۆخی مرۆیی بەپەلە "هێڵێکی تایبەت بە دۆخی لەناکاو" دروست بکرێت.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەن لەگەڵ رووسیادا گفتوگۆ بکەن، داوایشی لە رووسیا کرد کە دژ بە وڵاتانی دیکە هێز بەکارنەهێنێت و سەربازەکانی لە ئۆکراینا، جۆرجیا و مۆڵدۆڤا، بکێشێتەوە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ باسی لەوەش کرد کە دەیانەوێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، شەفافیهت و کۆنتڕۆڵی تایبەت بە چەک، گفتوگۆ بکەن بەتایبەت خواستێکی زۆریان هەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە بارەی پرسی چەکەکان بە چەکی ئەتۆمی، مووشەکە مەودا مامناوەند و کورت مەوداکانیشەوە.
گوتیشی: "هەرگیز سازشمان لەسەر ئاسایشی هاوپەیمانەکانی ناتۆ و ئەورووپا و ئەمریکای باكوور نەکردووە و نایکەین".
ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوامی بە سیاسەتی "دەروازەی کراوەی" ناتۆ، دەدەن و ئەگەریش رووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا ئەوا بەقورسی باجەکەی دەدات.