Behlül Çetinkaya
25 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2022
ئەنقەرە – AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەکارییەکانیان بۆ دەربازکردنی ھاووڵاتیانیان لە ئۆکراینا تەواوبووە و رایگەیاند لە ئەگەری بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەربازکردن لە رێگەی وشکانیەوە ئەوە لە رۆمانیا، پۆڵەندا و مۆڵدۆڤا ڤیزە، پشکنینی (PCR) و بڕوانامەی کوتانیان ناوێت.
چاوشئۆغڵو، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی (A Haber)ی تورکی، ھەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشھاتەکانی ئۆکراینا کرد.
مەولود چاوشئۆغڵو، ئەوەی خستەڕوو کە ھەڵوێستی تورکیا لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لەلایەن سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان-وە راگەیەندراوە و گوتی: "کاتێک رووسیا ناساندنی ئەو دوو ناوچەیەی راگەیاند، راگەیەندراوی خۆمان بڵاوکردەوە. ئەمە پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، مەحاڵە ئەمە قبوڵ بکەین. ئەوەشمان راگەیاند کە رەتمانکردووەتەوە".
چاوشئۆغڵو، ئەوەشی گوت کە سەرکۆنە کردن و بڵاوکردنەوەی راگەیەندراو بەس نییە و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ھەوڵ بدرێت بۆ راگرتنی و تورکیا ھەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی رووداوەکان نەگاتە ئەم دۆخە.
- "پۆڵەندا، مۆڵدۆڤا و رۆمانیا ڤیزە و پشکنینی PCR لەو تورکانە وەرناگرێت کە لە ئۆکرایناوە دەرباز دەکرێن"
مەولود چاوشئۆغڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ھاووڵاتیانیان لە ئۆکراینا دەکەن و گوتی: "ئێمە لەسەرەتاوە کارمان لەسەر دەربازکردنی ھاووڵاتییانمان کرد. ئامادەین بەڵام لە ئێستادا کایەی ئاسمانی داخراوە. ئێمە لە سەرەتای مانگی شوباتەوە دەستمان بەم ئامادەکارییانە کرد. ئەگەر ھەڵە نەبم لە ١٤ی شوباتدا، تەلەفۆنمان بۆ یەکە یەکەی ئەو ھاووڵاتییانەمان کرد کە لەو ناوچەیەدا دەژین و داوامان لێیان کرد ناوچەکە جێبھێڵن".
چاوشئۆغڵو، راشیگەیاند کە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی پاسی ئۆکراینا بۆ گواستنەوەی ھاوڵاتییان بە رێگەی وشکانی کراوە و گوتی: " لە پۆڵەندا، مۆڵدۆڤا و رۆمانیا ڤیزە ، پشکنینی PCR و بڕوانامەی کوتان لە ھاووڵاتییانمان وەرناگیرێت".