Muhammet Kurşun
27 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2020
تاران - AA
زانای بواری فیزیا و شارەزای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە کە یەکێکە بوو لەو کەسانەی رۆڵی گرنگی ھەبوو لە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران ئەمڕۆ لە ئاکامی ھێرشێکدا لە نزیک تاران تیرۆر کرا.
فەخریزادە بەدەر لەوەی پرۆفیسۆری بواری فیزیا بوو لە زانکۆی ئیمام حوسێن و سەرۆکی دامەزراوەی لێکۆڵینەوی سەربە وەزارەتی بەرگریی ئێران بوو، ھاوکات کەسێکی ناسراویش بوو لە چالاکییەکانی بواری سەربازیی، بەمەش ببووە جێگەی ئامانجی ئیسرائیل.
فەخریزادە لە ساڵی ١٩٥٧ لە شاری قوم-ی نزیک تارانی پایتەخت لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٧٩ دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران چووەتە ریزی سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە.
فەخریزادە بەھۆی ئەوەی راوێژکاری سەرەکی سوپای ئێران و وەزارەتی بەرگریی بووە، ھاوکات سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فیزیکی ئێران بوو، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٠٧ خرایە نێو لیستی سزاکانەوە.
فەخریزادە یەکێک بوو لەو کەسانەی کە رۆژنامەنووسانی رۆژئاوایی خوازیاربوون دیمانەی لەگەڵدا ئەنجام بدەن، بەڵام ئیدارەی تاران لەم چەند ساڵەی دوایی رێگری لە بڵابوونەوەی زانیاری پەیوەندیدار بەو زانایە دەکرد و رێگەی نەدەدا پشکێنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی چاویان بەو زانایە بکەوێت.
- "باوکی پرۆگرامی ناوەکی سەربازیی ئێران"
فەخریزادە لەلایەن رێکخراوانی ھەواڵگریی رۆژئاوا بە "باوکی پرۆگرامی ناوەکی سەربازیی ئێران" ناودەبرا و کاری ئەوەبوو پرۆگرامی ناوەکی زانستی ئێران بخاتە بواری کردارییەوە.
باس لەوە دەکرێ کە فەخریزادە وەک پرۆفیسۆرێکی بواری فیزیا پرۆژەی "ئاماد"ی بەڕێوەبردووە کە یەکێک بووە لە پرۆگرامە نھێنییەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ بەمەبەستی پێشخستنی بۆمبی ئەتۆمی.
فەخریزادە یەکێک بوو لەو پێنج ھاووڵاتییە ئێرانییەی کە لەلایەن گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمریکی خرابووە لیستی بەھێزترین ٥٠٠ کەسی جیھانەوە.
ھاوکات ئەوەش دەزانرێت کە فەخریزادە رۆڵی کاریگەری ھەبووە لە واژووکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی وڵاتانی پێنج کۆ یەک.
- لەلایەن ناتانیاھووە وەک ئامانج نیشان درابوو
ناوی موحسین فەخریزادە کە بە ئەندازیاری پرۆگرامی ناوەکی ئێران دادەنرێ، لە دوای سیمینارێکی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر بیسترا و زانرا.
سەرچاوەکانی ئیسرائیلی رایانگەیاندبوو کە مۆساد لە ساڵی ٢٠١٨دا ھەوڵی کوشتنی موحسین فەخریزادەی داوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
لەلایەکی دیکەش بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی فارسی ئێران، ناوی فەخریزادە لە لیستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەدەست مۆساد کەوتووە.
فەخریزادە بە شارەزای بواری فیزیای ئەمریکی رۆبێرت ئۆپنھایمەر بەراورد دەکرا کە لە چلەکانی سەدەی رابردوو رۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە بەرھەمھێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە ئەمریکا.
