Yusuf Özcan,Mohammed Baqi Hussein
03 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2019
پاریس - AA
سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لەبارەی برێكسیتەوە رایگەیاند کە یەكێتیی ئەورووپا نابێتە ژێردەستەی قەیرانی سیاسیی بەریتانیا.
ئیمانوێل ماكرۆن لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كۆماری ئێرلەندا، لیۆ ڤارادكار لە كۆشكی ئەلیزێ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشی سازدا.
ئیمانوێل ماكرۆن گوتی: "رەتكردنەوەی رێككەوتنی برێكسیت سێ جار لە لایەن باڵی خوارەوەی پەرلەمانی بەریتانیاوە و نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێك، پاڵمان پێوەدەنێت بەرەو جیابوونەوە بەبێ رێككەوتن" و رایگەیاند، كاری لەپێشینەیان ئەوەیە كە یەكێتیی ئەورووپا كارەكانی بەڕێكوپێكی بەڕێوەبچێت و گوتی: "یەكێتیی ئەورووپا بۆ ماوەیەكی درێژخایەن نابێتە ژێردەستەی قەیرانی سیاسیی بەریتانیا".
سەركۆماری فەڕەنسا راشیگەیاند، پێویستە بەریتانیا تا 10ی نیسان كە لووتكەی برێكسیت لە بڕۆكسل بەڕێوەدەچێت، پلانێكی ئەڵتەرناتیڤی متمانەپێكراو پێشكەش بكات و گوتی: "ئەگەر ئەمە نەبێت، بەریتانیا خۆی جیابوونەوەی بەبێ رێككەوتن هەڵبژاردووە. ناتوانین لەجێی بەریتانیا رێگری لەمە بكەین".
ئیمانوێل ماكرۆن ئاماژەی بەوەدا كە ئەوە مەرجی هەیە بەریتانیا بەجۆرێك وادەی برێكسیت درێژبكاتەوە كە بەشداری بكات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا لە مانگی ئایاردا و گوتیشی: "هەرچییەك بێت فەڕەنسا و یەكێتیی ئەورووپا پشتی ئێرلەندا بەرنادەن".