Kasım İleri
27 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
واشنتۆن - AA
وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەیمس ماتیس رایگەیاند کە بوونی پەکەکە لە شنگال ھەڕەشەیە بۆ تورکیا و دەیانەوێت کشانەوەی پەکەکە لە شنگال ببینن.
ماتیس سەردانی نووسینگەی راگەیاندنی پنتاگۆنی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە دەرکردنی دیپلۆماتکارە رووسییەکان و کۆبوونەوەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا کرد.
ماتیس بەر لە وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەنووسان، باسی لە بوونی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ناوچەی شنگال کرد و لەمبارەیەوە گوتی: "ھەڕەشەی پەکەکە لە شنگال بە ئاراستەی تورکیا بوونی ھەیە. وەکو دەزانن پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دایە. ژمارەیەکی زۆری تورکی بێتاوانیان کوشت، دەمانەوێت کشانەوەی پەکەکە لە ناوچەی شنگال ببینن".
ماتیس لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەمریکا پشتیوانی لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر شنگال لە داھاتوودا دەکات یان نا، رایگەیاند کە زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی داھاتوو ئاشکرا ناکات.
ماتیس راشیگەیاند کە تورکیا بەردەوامە لە بەھێزکردنی پێگەی خۆی لە عەفرین و تا ئێستا ھیچ جموجۆڵێک بەئاراستەی منبج نەبینراوە و لەمبارەیەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا بەردەوامە. گوتیشی: "لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکە لەمبارەیەوە گەشبینم. پێشتریش کاتی سەختمان تێپەراندبوو".
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو بەوەی کە پرسی "نیازی تورکیا لە منبج ئاشکرایە، تورکیا دەیەوێت بچێتە منبج و چەکدارانی یەپەگە لەوێ دەربکات. لە بەرامبەر ئەمەدا پێشنیاری ئەمریکا چییە و چی داواکارییەکی ھەیە؟ ماتیس گوتی: "تورکیا ھاوپەیمانی ناتۆیە و ھەمیشە ھاوشانی یەکتر بووین. لە بەشێکی بابەتەکانی سووریا ناکۆکی جددیمان ھەبوو. بەڵام ئەمانە کاریگەریان لەسەر گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانمان نەبووە. ھەروەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد. لە جیاتی ئەوەی ئەم بابەتە لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە باسی لێوە بکەین پێم باشە راستەوخۆ لەگەڵ بەپرسانی تورکیا قسە بکەم. ئەم پرسە لەلای تورکەکان زۆر ھەستیارە. چەندین کەسی بێ تاوان لە لایەن تیرۆریستانی پەکەکەوە کوژراون. لەوێ(سووریا) کاری لەپێشینەی ئێمە لەناوبردنی داعشە".
سەبارەت بە دەرکردنی دیپلۆماتکارە رووسەکان لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و یەکێتی ئەرووپا و ھەروەھا لێسەندنەوەی موڵەتی چاودێری لە حەوت دیپلۆماتکاری رووسیا لە ناتۆ، وەزیری بەرگری ئەمریکا گوتی: "تەنیا دیپلۆماتکارەکان دەرنەکران بەڵکو پێگەی رووسیاش بەتاڵ کرا".
ناوبراو سەبارەت بە کارکردنی ناتۆ لەگەڵ رووسیا گوتی: "ناتۆ میکانیزمێکی کارکردنی لەگەڵ رووسیا داناوە، ئیدی ناتۆ ئارەزووی کاردن ناکات لەگەڵ رووسیا، ئەو بەبێ بیرکردنەوە وەک رکابەرێکی ستراتیژی خۆی ناساند".
ماتیس گوتی : "رووسیا پەیوەندییەکی راستەوانەی لەگەڵ ئەورووپا ھەیە لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندەکانی ئەو وڵاتە پەیوەستن بە ئەورووپاوە".
وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەیمس ماتیس ئاماژەی بەوەکرد چەکدارانی رژێمەکەی ئەسەد و پشتیوانانی کە رووسیا یەکێکە لەوانە زۆر بە کەمی لە ناوچەی دێرازۆر کشاونەتەوە و گوتی: "ئەم کشانەوەیە بۆ ئەوەبوو کە ناوچەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە. بەڵام پشتیوانانی رژێم جارێکی دیکە لە ھەوڵی فراوانکردنی ناوچەکانی کۆنتڕۆڵیاندا، سەبارەت بە بابەتەکەش ھەفتەی رابردوو سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی، جۆزێف دانفۆرد پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوتا رووسیەکەی ڤالێری گیراسیمۆڤ ئەنجامداوە".
پێشتر چەکدارانی رژێمەکەی ئەسەد ھێرشێکیان بۆ سەر چەکدارانی ھێزەکانی سووریا دیموکرات کە ھاوپەیمانی ئەمریکایە لە دێرازۆر ئەنجامدا و لەبەرامبەردا فڕۆکەکانی ئەمریکا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکە، بۆردومانی هێزەکانی رژێمیان کرد و زیاتر لە ١٠٠ چەکداری سەر بە رژێمەکەی ئەسەدیان کوشت.