Azad Mohammed Abdullah
21 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2019
دهۆک - AA
بەرپرسى نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ENKS) لە هەرێم، نورى بریمۆ: "لەشکرى رۆژى باڵى سەربازىی ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، هێزێکى تاقیکراوەیە و سەلماندوویەتى کە دژى تیرۆرە".
نورى بریمۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "تا ئێستا دروستکردنى ناوچەى ئارام لە سووریا نەکەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام هەرکاتێک بکەوێتە بوارى جێبەجێکردن، لەشکرى رۆژ ئامادەیە وەک هێزێکى دژە تیرۆرى ئارامیخواز لە تەواوى ناوچەکە جێگیربێت و ئاسایشى ناوچەکە لە ئەستۆ بگرێت و ببێتە مایەى ئارامى".
گوتیشى: "لەشکرى رۆژ لە عێراق یان سووریا یاخود هەر شوێنێکى دیکە بێت، مایەى ئارامییە. لە ساڵانى رابردوو بە هەموو توانایەک دژى داعش خەباتیان کردووە، هەڵگرى پەیامى دۆستایەتین بۆ تورکیا و وڵاتانى دراوسێ".
بەرپرسى نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ENKS) لە هەرێم دەڵێت "دەیان گرووپى چەکدارى لە سووریا هەن، بەڵام تا ئێستا ئەو گرووپە چەکدارییانە جگە لە وێرانکاری و ناسەقامگیری هیچى دیکەیان لێ بەرهەم نەهاتووە، بەڵام گەڕانەوەى لەشکرى رۆژى باڵى سەربازى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا ئارامى بۆ خەڵک و خاکى سووریا دەگەڕێنێتەوە".
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە لە رابردوودا بەربەستییان لەبەردەم کاروبارى سیاسى ئەنەکەسە دروستکردووە و هەر ئەوان رێگربوونە لە گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ.
دەشڵێت "دروستکردنى ناوچەى ئارام ئەگەر لەژێر چاودێرى وڵاتانى زڵهێز بێت لە بەرژەوەندى تەواوى ناوچەکە دەبێت، ئاگرى ئەو شەڕە دادەمرکێتەوە کە چەندین ساڵە بەرۆکى سووریاى گرتووە".
بەگوێرهی رووپێوێک، ناوچەى ئارام لە سووریا بە درێژایی سنوورى سووریا کە ٤٦٠ کیلۆمەتر و قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر لەخۆدەگرێت، ناوچه ئارامهكهى سووریا قامیشلۆ، تل تهمهر، درباسییه، عامودا، وهردیه، تەل حهمیس، سهرێ كانێ، ترپه سپی. تەل كۆچهر و دێرك له پارێزگای حهسهكه، ههروهها كۆبانێ له پارێزگای حهلهب و گرێ سپی له پارێزگای رهققه دهگرێتهوه. بەرپرسى نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ENKS) لە هەرێم دەڵێت "پێشمەرگەکانى لەشکرى رۆژ کچ و کوڕى ئەو شارانەن کە ناوچەى ئارام دەیانگرێتەوە".
- "لە ناوچەى ئارامدا دەبێت پاسەوانی نێودەوڵەتى رۆڵ بگێڕێت"
ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان- سووریا، موسلیم محەمەد پەیوەست بە هەمان پرس لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پێش ئەوەى ناوچەى ئارام لە رۆژهەڵاتى فورات لە سووریا پێشنیاز بکرێت، سێ پڕۆژە هەیە، پڕۆژەى یەکەم رووسیایە کە هەوڵ دەدات لە نێوان پەیەدە و رژێمى ئەسەددا دانوستاندن و رێککەوتن بۆ جێگیرکردنى رژێمى ئەسەد لە رۆژهەڵاتى فورات بێتە ئاراوە".
گوتیشى: "پڕۆژەى دووەم کە ئەمریکا لە ناوچەکە کاری لەسەرکردووە ئیدارەیەکى نوێ بۆ باکوورى سووریا دابمەزرێندرێت، پڕۆژەى سێیەم ناوچەى ئارامە کە بەهێزترین پڕۆژەیە ئەمەیش بۆ پاراستنى ئاسایشى تورکیا، تورکیاش رژدە لەسەر ئەم پڕۆژەیە".
موسلیم محەمەد دەڵێت "لە گۆڕەپانى سیاسى و نێودەوڵەتیدا بۆ دروستکردنى ناوچەى ئارام لە سووریا، وێڕاى ئەوەى رووسیا و ئێران و وڵاتى دیکەیش هەن، بەڵام بەهێزترین یاریزان لە گۆڕەپەنەکەدا تورکیا و ئەمریکان، تا ئێستاش دروستکردنى ناوچەى ئارام لە سووریا نەچووەتە بوارى جێبەجێکردن، بەڵام گفتوگۆ و هەماهەنگى بەردەوامە".
ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان - سووریا لەبارەى لەشکرى رۆژدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد "خەڵکى ناوچەکە دڵخۆشن بە پڕۆژەى دروستکردنى ناوچەى ئارام، بەڵام بە باشى دەزانین لە ناوچەى ئارام ئیدارەیەکى نوێ کە لە پێکهاتەکانى سنوورەکە سەرچاوەى گرتبێت و پێشمەرگەى لەشکرى رۆژ و ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بگەڕێنەوە سووریا و دەست بە کارى سیاسى خۆیان بکەن".