Zana Natık Kerem
10 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2019
غەززە ــ AA
ناوەندی میزان بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە کە سوپای ئیسرائیل لە میانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٦ منداڵی لە کەرتی غەززە کوشتووە.
ناوەندی میزان بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ناوەندێکی فەڵەستینییە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٦ منداڵ لە کەرتی غەززە لە میانی بەشداریکردنیان لە رێپێوانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری غەززە بە گوللـەی سەربازانی سوپای ئیسرائیل کوژراون، ھەروەھا ھەزار و ٢٣٣ی دیکەش بریندارکراون، بەدەر لەوەش ١٧ منداڵی دیکە دەستگیرکراون.
لە راپۆرتەکەدا جەختکراوەتەوە کە سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە بەتایبەتیش مافی منداڵن، بەو پێیەی کوشتن و بریندارکردنی منداڵان لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیادی کردووە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە ھەوڵەکانی بە بەپەلە بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بکات پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە مافی فەڵەستینییەکان رابگرێت.