Fatma Esma Arslan
31 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2022
داکار - AA
لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە تا ئێستا بەهۆی لافاوەوە، ٧٥ کەس لە نیجەر رۆژئاوای ئەفریقا گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی نیجەر بڵاوی کردەوە، ١٠٨ هەزار و ٣٤٦ کەس لە ئەنجامی ئەو لافاوانەی کە بەهۆی بەردەوامی بارانبارین لە وڵاتەکەدا روویداوە، زیانیان بەرکەوتووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە تا ئێستا بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٧٥ کەس زیادیکردووە.
لەکاتێکدا دوایین جار لە ٢٢ی ئاب راگەیەندرابوو ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکانەوە گەیشتووەتە ٥٢ کەس.
لە وەرزی بارانباریندا کە لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول لە نیجەر بەردەوام دەبێت، زۆرترین کارەساتی لافاو لەو وڵاتە روودەدات.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی یارمەتییە مرۆییەکان، ساڵی رابردوو ٢٥٠ هەزار کەس بەهۆی لافاوەوە لە نیجەر زیانیان بەرکەوتووە و ٧٧ی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.