Laith Al-jnaidi
02 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2025
دیمەشق ــ AA
ھێزە ئەمنییەکانی سووریا لە پاریزگای حومس ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد، بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، بە ئەنجامدانی تاوانى جەنگ تێوەگلاون.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سووریا "سانا" بڵاوی کردەوە کە وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی کاتیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە کە ھێزە ئەمنییەکان لە پاریزگای حومس، دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کردووە.
باسی لەوەش کردووە: "ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە لە حومس، دەستگیرکردنی ئەوکەسانەیە کە تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و لە دەستی دادگاش ھەڵاتوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر ئەو چەک و تەقەمەنییانەدا، دەگیرێت کە حەشاردراون.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا بەسەرۆکایەتی بەشار ئەسەد، ئیدارەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە حکوومەتی کاتیی ئەو وڵاتە، ژمارەیەک ناوەندیی بۆ خۆ ڕادەستکردنی ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانی سەربە ڕژێمی ڕووخاو کردەوە، بەڵام ژمارەیەکیان ڕەتیان کردەوە کە خۆیان ڕادەست بکەن.