Adam Abu-bashal
01 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
خەرتوم - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە چەند ویلایەتێکی جیاوازی سوودان گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەوە بۆ ٩٣ کەس.
لە بارەیەوە، وەزارەتی ناوخۆی سوودان، بڵاوی کردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتدا بەهۆی بارینی بارانی وەرزی و دروستبوونی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە کە لە سەرەتای مانگی ئابەوە تا ئێستا درێژەی هەیە، بەرزبووەتەوە بۆ ٩٣ کەس. هەروەها ٤٣ کەس برینداربوون، رێگاوبانەکان زیانیان بەرکەوتووە و زیاتر لە پێنج هەزار ئاژەڵیش لەناوچوون.
بە هۆی ئەو بارانە بەخوڕەی چوار رۆژە لە خەرتومی پایتەخت و ویلایەتەکانی دیکە درێژەی هەیە ئاستی ئاوی رووباری نیل بەرزبووەتەوە، بەوەیش هەزاران خانوو زیانیان بەرکەوتووە.
دەزگای کەشناسی سوودان، هۆشداریدا لەبارەی بەردەوامی باران لە سبەینێدا و، داواشی کرد بەتایبەتی لە ناوچەکانی نزیک کەناڵە ئاوییەکان رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.