Yusuf Alioğlu
23 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر ژمارەیەک شارو شارۆچکەی باشوور و ڕۆژھەڵاتی لوبنان، ١٩ کەس کوژران و ٣٥ی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ھێرشیان کردووەتەوە سەر ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون و بازرگانیی لە سەنتەری قەزای نەبتییە باشووری لوبنان.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، پێنج کەس کوژراون و ٢١ی دیکەش برینداربوون.
باسی لەوەش کردووە کە لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر سەنتەری قەزای ھرمل ڕۆژھەڵاتی لوبنان، پێنج کەس کوژراون و ١٠ی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات ئاژانسی ھەواڵی فەرمی لوبنان بڵاوی کردەوە کە لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر خانوویەک لە شارۆچکەی حاریس سەربە قەزای بنت جبەیل باشووری لوبنان، دوو کەس کوژراون.
ڕاشیگەیاندووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ھێرشیان کردووەتە سەر خانوویەک لە شارۆچکەی تفاحەتا سەربە قەزای سەیدا باشووری لوبنان و بەھۆیەوە شەش کەس کوژراون.
ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ھێرشیان کردووەتە سەر خانوویەک لە پارێزگای بەعلەبەک ڕۆژھەڵاتی لوبنان و لە ئاکامدا، کەسێک کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوون.